بێهزاد قەیسەری، خەڵکی سەقز لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی ستونی زرێپۆش کرایە ژێرەوە و گیانی لەدەستدا

لە درێژەی گواستنەوەی چەکوچۆڵ و کەلوپەلی شەڕ بۆ سنوورەکانی کوردستان، لاوێکی خەڵکی سەقز بەناوی بێهزاد قەیسەری لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی زرێپ

١٥ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٢٣:٥٢


هەنگاو؛ دووشەممە ١٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

لە درێژەی گواستنەوەی چەکوچۆڵ و کەلوپەلی شەڕ بۆ سنوورەکانی کوردستان، لاوێکی خەڵکی سەقز بەناوی بێهزاد قەیسەری لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشەوە کرایە ژێرەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. ئەم ئۆتۆمبێلە بە پێچەوانەی یاساکان، لە جیاتی ڕۆیشتن بە ڕێگای تایبەتی دەرەوەی شاردا، لە لاڕێیەکەوە هاتبووە نێوشار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی هەنگاو گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٣ی ژوئەنی ٢٠٢٣) ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش (کامیۆن ڕیو) ڕێگای گۆڕیوە و لە کاروانە نیزامییەکەی جیابۆتەوە و لە شەقامی سیلۆی شاری سەقز سەید بێهزاد قەیسری کردووەتە ژێرەوە و کووشتوویەتی.


بەوتەی شایەتحەڵان، ئەم لاوە لەکاتێکدا کراوە بەژێرەوە کە لەسەر ماتۆڕەکەی لە پاڵ بەنزینخانەیەکدا لە شەقامی سیلۆ ڕاوەستاوە.


چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایەنگەیاندووە، کە ئەم ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەی کە بێهزاد قەیسەری کردووەتە ژێرەوە پێش ئەوەی بەرەو شاری سەقز ڕیگا بگۆڕێت، لەگەڵ ستوونێکی نیزامی لە ئورمیەوە و بەرە و سنووری باشماخ لە مەریوان لە ڕێگادابووە و لە کەمەربەندی شاری سەقزەوە تێدەپەڕین.


لەدوای کوژرانی بێهزاد قەیسەری، شۆفێری ئەم زرێپۆشە لەلایەن چەند هاووڵاتییەکەوە دەستگیرکراوە بەڵام، بەهۆی دەستتێوەردانی بەپەلەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شوێنە دوورخراوەتەوە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو شۆفێرە نەزانراوە و ناوەندە حکوومەتییەکان زانیاری ناڕاست لەمبارەوە بڵاودەکەنەوە.


شیاوی ئاماژەپێدانە کە تەرمی بێهزاد قەیسەری، لە هەمان ڕۆژدا لە زێدەکەی خۆی، گوندی "پارسانیان" ئەسپەردە کراوە.


لەماوەی حەوتووی ڕابردوودا هەنگاو چەند ڤیدییۆییەکی لە گواستنەوەی چەکوچۆڵی قورس و کەلوپەلی شەڕی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سنوورەکانی کوردستان بڵاوکردبووە و لەبارەی جوڵە نیزامییەکانی سوپای پاسداران هۆشداری دابوو. هاوکات لەگەڵ میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان، لە چەند شارێکدا هێڵەکانی ئینتەرنێت لاواز کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە