سەپاندنی سزای ٧ ساڵ و ٨ مانگ بەندکردن بەسەر فەرەیدوون نەبی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشاردا

کاویان مەولوودی، لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی شاری مەهاباد و ئامۆزای سمکۆ مەولوودی، یەکێک لە گیانبەختکردووانی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەو شارە، لەلایەن ه

١٣ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١١:٠٠


هەنگاو: شەممە، ١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

فەرەیدوون نەبی، لاوێکی خەڵکی شاری پیرانشار کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بۆ ماوەی ١٩٣ ڕۆژ لە باتی براکەی بە ناوی فەردین نەبی بە بارمتە گیرابوو، لە دوو دۆسیەی جیاواز و لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە سەرجەم سزای ٧ ساڵ و ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ فەرەیدوون نەبی، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، لەم دوایییانەدا لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەمیر ئۆجاقڵوو"، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی" سزای ٨ مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی "ئەندامەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٣٥ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و باند بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای ٤٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی یاسای کۆی سزاکان، ئەم هاووڵاتییە زیاترین سزای سەپێندراو واتە ٤٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی "ڕەزا قارەمانی‌سەعتلوو"، لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکی قاچاخ و فڕێدانی کۆکتێل مۆلۆتۆڤ" سزای ٦ مانگ بەندکردن و پێ بژاردنی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنی ئێرانیی بەسەر ناوبراودا سەپاندووە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا وێڕای ئاماژە بە گوشاری دەروونی و جەستەیی و ئەشکەنجەدانی فەرەیدوون نەبی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕایگەیاند؛ بنەماڵەکەشی لەلایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە بانگ کراون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

شایانی باسە کە ئەو لاوە کوردە لە ماوەی لێپرسینەوە و دەستبەسەربوونیدا لە سەرجەم مافە سەرەتایییەکان وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەتی بێبەری و بێبەش کراوە.
فەرەیدوون نەبی، ڕۆژی شەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە باتی برایەکی ناوبراو بە ناوی فەردین نەبی، بە بارمتە گیراوە و دواتر لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواستراوەتەوە.

پاشان ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، دوای ١٩٣ ڕۆژ لێپرسینەوە و دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە