مردنی گوماناوی مەنسوورە سگوەند، ئەندامی فەخری پۆلیسی خوڕەمئاوا، دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە ڕاستای پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

ئەندامێکی فەخری هێزی نیزامی خوڕەمئاوا بەناوی مەنسوورە سگوەند، دوای ماوەیەک لە ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە

١٥ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٢:٠٦


هەنگاو: دووشەممە، ١٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
ئەندامێکی فەخری هێزی نیزامی خوڕەمئاوا بەناوی مەنسوورە سگوەند، دوای ماوەیەک لە ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە شێوەیەکی گوماناوی لە شاری ئاودانان گیانی لەدەست دا. هەنگاو زانیویەتی کە ناوبراو پێش لە کوژرانی لەلایەن چەند ناوەندێکی حکوومەتی و کەسانێکی سەر بەحکوومەتەوە هەڕەشەری لێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٤ی ژوئەنی ٢٠٢٣) مەنسوورە سگوەند، تەمەن ٢٠ ساڵ، خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی ئازادی ئاودانان و ئەندامی فەخری هێزە نیزامییەکانی خوڕەمئاوا، دوای ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی بە مەبەستی "پەیوەست بوونی بە خەڵک"ەوە، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا و بەبڕوای چالاکانی مەدەنی ئەم کەسە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە کوژراوە.

پێش لە کوژرانی، مەسنوورە سگوەند لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی لەبەرانبەر کوشتنی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ناڕەزایەتی دەربڕیبوو.


ناوبراو پێشتر چەند چالاکێکی مەدەنی و نزیکانی خۆی لەبارەی هەڕەشە بەردەوامەکان بەرانبەر دەستلەکارکێشانەوە و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی ئاگادارکردبووەوە کە هەندێک لەو نامانەی بە دەستی هەنگاو گەیشتووە و ناوبراو لەو نامانەدا هێزەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە بەرپرسیار لەبەرانبەر گیان و سەلامەتی خۆی زانیوە. لەیەکێک لە نامەکانیدا ئەم خوێندکارە نووسیویەتی: "لە ئێستادا خۆم لە شوێنێک شاردۆتەوە، درەنگ یان زوو دەمدۆزنەوە، ئەگەر هەر بەڵایەکیان بەسەرمداهێنا، دەمەوێت هەمووان بزانن کە من خۆم نەکووشتووە و ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی کوشتنم لێدەکات".


ئاژانسی هەواڵیی فەرمی کۆماری ئیسلامی "ئیرنا" لە زاری سەیدنوور عەلیمورادی، سەرۆکی فریاکەوتنی خێرانی نەخۆشخانەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیلام لەبارەی مردنی ئەم کچە خوێندکارەوە بڵاوی کردەوە کە "ناوبراو تووشی وەستانی دڵ و هەناسەدان" بووە.


هەر لەم ڕاستایەدا پێشتر ناوەندە ئەمنی و حکوومەتییەکان هۆکاری مردنی ژمارەیەک لە گیانەبختکردوانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بە خۆکوژی یان جەڵتەی دڵ ڕاگەیاندبوو و لەژێر زەبر و گوشاری زۆر بنەماڵەی قوربانیانیان ناچار بەدانپێدانانی زۆرەملێ کردبوو کە ئەو شتانە بڵێنەوە کە ناوەندە حکوومەتییەکان داوای دەکەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە