کوشتنی هۆڤانەی کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە پاساوی شەرەف لەلایەن براکەیەوە

کچێکی لاو بە ناوی ڕۆژین عەزەمی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری دیواندەرە بە پاساوی پاراستنی شەرەف و نامووس لەلایەن برا

١٤ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٤:٣٨


هەنگاو: یەکشەممە، ١٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

کچێکی لاو بە ناوی ڕۆژین عەزیمی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری دیواندەرە بە پاساوی پاراستنی شەرەف و نامووس لەلایەن براکەیەوە بە شێوەیەکی هۆڤانە و دڕندانە کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە ١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٣ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ڕۆژین عەزیمی، لە ماڵی خۆیاندا کە لە گوندی "ئاخکەند"ی شاری دیواندەرە هەڵکەوتووە، بە شێوەیەکی هۆڤانە کوژراوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەو کچە لاوە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن براکەیەوە بە لێدانی چەکوش و تەور کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی هەنگاو؛ پاساوی کوشتنی ئەم کچە لاوە کە لەلایەن براکەیەوە بە شێوەیەکی هۆڤانە کوژراوە، "پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵ کوڕێکدا بووە".

دایک و باوکی ڕۆژین عەزیمی لەگەڵ براکەی بە ناوی ئاراش، دوای کوشتنی کچەکەیان دەستبەسەر کراون و هەنووکەش دایکی ئەم کچە قوربانییە لاوە ئازاد کراوە، بەڵام باوک و براکەی تاکوو ئێستاش هەر لە دەستبەسەرگەدان.

هەر لەو پەیوەندییە و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژنێکی لاو لە شاری ئیلام و لەلایەن باوکە تەمەن ٦٨ ساڵەکەیەوە بە چەندین لێدانی خشتی کوورەیی کوژرا و پاشان دوای ئەوەی کە بکوژەکە دەستبەسەر کراوە، پاساوی ئەو کوشتنەی بۆ "کێشەی خێزانی" گەڕاندووەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە