دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی خەڵکی شنۆ؛ ئاشکراکردنی ناسنامەی ٦ کەسیان لەلایەن هەنگاو

هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردیان لە شاری شنۆ دەست پێ کردووەتەوە و تاکوو ئێستا ناسنامەی شەش کەسیان ب

١٨ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٤:٣٢


هەنگاو: یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردیان لە شاری شنۆ دەست پێ کردووەتەوە و تاکوو ئێستا ناسنامەی شەش کەسیان بە ناوەکانی عەبدولکەریم کاکۆل، سولەیمان گەڵوانی، خدر عەبدوڵڵاهی، عوسمان حەمزەزادە، ئارام شەعبان و فەخرەدین پوودات بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لەنێوان کاتژمێر ٢ بۆ ٤ی بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (٩ی جولایی ٢٠٢٣) هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی شاری شنۆ و کۆمەڵێک هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی دڕندانە و بە لێدان و بڕێزیکردن، سولەیمان گەڵوانی، ئەندامی یەکێک لە بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستان و برای سەلام گەڵوانی، گیانبەختکردوویەکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە شاری شنۆ و دەستبەسەریان کردووە.

هەروەها کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، ئەم هێزانە هەڵیانکوتایە سەر گوندی "حەسەن نوران"ی سەر بە شاری شنۆ و چالاکێکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی بە ناوی عەبدولکەریم کاکۆل و تەمەن ٣٦ ساڵیان دەستبەسەر کردووە.

لە درێژەی ئەم شەپۆلەدا چوار هاووڵاتیی تر بە ناوەکانی ئارام شەعبان، خزر عەبدوڵڵاهی‌ئەمیرئاباد و تەمەن ٥٠ ساڵ، کە هەردووکیان خەڵکی ئەو شارە بوونە، عوسمان حەمزەزادە، خەڵکی گوندی "قوروشاوێ" و فەخرەدین پوودات، خەڵکی گوندی "بەتەریان"ی سەر بەو شارە، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراون.

لەم پەیوەندییەدا سەرچاوەکانی هەنگاو باسیان لەوە کردووە کە ژمارەی دەستبەسەرکراوەکان لەوە زیاترە. لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی دەستبەسەرکراوان بەردەوام دەبێت و لە ئەگەری بەدەستهێنانی هەر زانیارییەکی نوێ، ڕای گشتیی لێ ئاگادار دەکەینەوە.

شایانی باسە هەموو ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون، بە شێوەیەکی دڕندانە و بە لێدان و بێڕیزیکردن لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە