دەستبەسەرکردنی سێ چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی شاری سنە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

سێ چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی مەسعوود میرزایی، ئیبراهیم میرزایی برای مەسعوود و هۆزان باباکەرەمی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبە

٨ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٢:٥٩


هەنگاو: یەکشەممە، ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

سێ چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی مەسعوود میرزایی، ئیبراهیم میرزایی برای مەسعوود و هۆزان باباکەرەمی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٤ی جولایی ٢٠٢٣)، مەسعوود میرزایی، تەمەن ٥٣ ساڵ و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، لە بازگەی پشکنینی نێوان کرماشان - سنە و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو هاووڵاتییە کە تووشبووی نەخۆشی شەکرەیە و لە ماوەی ڕابردوودا نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە، پاش دەستبەسەرکردنی لەلایەن ئەو هێزانەوە لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەری و بێبەش کراوە.

هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی مەسعوود میرزایی، برایەکی دیکەی ناوبراو بە ناوی ئیبراهیم میرزایی و چالاکی مەدەنی، لە شوێنی کارەکەی و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەر لە هەمان ڕۆژدا، هۆزان بابەکەرەمی چالاکی مەدەنی، بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری و یاسایی لە شوێنی کارەکەی لە شاری سنە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووسی ئەو سێ چالاکە مەدەنی و فەرهەنگییە و هەروەها شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە