دەستبەسەرکردنی ئومێد مەزڵووم، برای موحسین مەزڵووم، بەندکراوی سیاسیی کورد

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی ئومێد مەزڵووم لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ناوبراو برای موحسین مەز

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٤:٠٦


هەنگاو: سێشەممە، ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی ئومێد مەزڵووم لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ناوبراو برای موحسین مەزڵووم، بەندکراوی سیاسیی کوردە کە ماوەی یەک ساڵە لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە دەستبەسەر کراون و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و دۆخی تەندروستییان لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٥ی جولایی ٢٠٢٣) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە گوندەی "ئەتمیش"ی سەر بە شاری مەهاباد هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی ئومێد مەزڵووم، تەمەن ٣٩ ساڵ و بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری و یاسایی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە ناوبراو برای موحسین مەزڵووم، بەندکراوی سیاسیی کوردە کە ساڵی ڕابردوو لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی محەممەد فەرامەرزی، پژمان فاتیحی و وەفا ئازەربار لە دەوروبەری شاری ئورمیە دەستبەسەر کراون و لەو کاتەوە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و جوانا تەیمەسی، هاوژینی موحسین مەزڵووم لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەسەر دۆخی تەندروستیی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە و هەروەها بەردەوامیی ناڕوونیی چارەنووسیان هۆشدارییان داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە