دەستبەسەرکردنی کاتیی ڕەزا ئەمجەدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە

ڕەزا ئەمجەدی، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ کرا و پاش چەند کاتژمێر دەست

١٢ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٣:١٣


هەنگاو: دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

ڕەزا ئەمجەدی، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ کرا و پاش چەند کاتژمێر دەستبەسەرکردنی کاتی و لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە، ئازاد کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٣ی جولای ٢٠٢٣)، ڕەزا ئەمجەدی، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارە بانگ و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەستبەسەر کراوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری بانگکردن و دەستبەسەرکردنی کورتخایەنی ئەم چالاکە کرێکارییە لە بەردەستدا نییە.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگ و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە. ناوبراو مانگی پووشپەڕی ساڵی ٢٧١٩، جارێکی تر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییەی پێشوو، لە ساڵی ٢٧١٥، بەهۆی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران دیسان دەستبەسەر کراوە و سزای ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. هەروەها لە خەرمانانی هەمان ساڵ پاش تەواوکردنی ماوەی بەندکرانەکەی، ئازاد کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە