دەستبەسەرکردن و بریندارکردنی کۆمەڵێک هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام بەهۆی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان

هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان و شارەوانیی شاری ئیلام هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دانیشتووانی باکووری ئەو شارە و دەستیان کردووە بە ڕووخاندنی ماڵەکانی

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١١:٣٢


هەنگاو: سێشەممە، ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان و شارەوانیی شاری ئیلام هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دانیشتووانی باکووری ئەو شارە و دەستیان کردووە بە ڕووخاندنی ماڵەکانی هاووڵاتییان، ئەم کردەوە دڕندانەیەش بەرەنگاریی خەڵک و تەقەکردنی هێزە حکوومەتییەکان لێ کەوتووەتەوە و بەم هۆیەوە ٤ هاووڵاتی بریندار و ٦ هاووڵاتیش دەستبەسەرکراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢٤ی جولایی ٢٠٢٣)، هێزە حکوومەتییەکان و شارەوانیی ئیلام ماڵی ٣ هاووڵاتیی دانیشتووی ئەو شارە لە کۆتاییی شەقامی "هەفت تیر" کە دەکەوێتە باکووری شاری ئیلام، ڕووخاندووە و ئەم کردەوە دڕندانەیەش بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

لە درێژەی ئەم تێکهەڵچوونەی نێوان هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان و خەڵکی ئەو شارە، لانی کەم ٤ هاووڵاتی بە ناوەکانی فەریدە حاجییان، عەباس پوورداوود، پوویا پوورداوود و شەمسەدین قەیسەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان بریندار بوون.

هەروەها لانی کەم شەش هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئیلاهە وەلیزادە، موراد ئەنساری، مورتەزا هەواسی، شایان عەزیزنژاد، یاسر قاسمی و ڕۆحوڵڵا زارعی دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتوون، هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو خەڵکەی کە لەو شوێنە کۆ بوونەتەوە، گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە