دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی سەید ئەحمەد تەلانە، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی سەید ئەحمەد تاڵانە، نزیکەی دوو حەفتە لەمەوبەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا

١٢ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٠:٠٦


هەنگاو: دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی سەید ئەحمەد تەلانە، نزیکەی دوو حەفتە لەمەوبەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هاووڵاتییەک بە ناوی سەید ئەحمەد تەلانە، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٨ی ژوئەنی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لەم شارە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە ئەم لاوە کوردەیان لە نزیک ماڵەکەی خۆیدا بەبێ بەڵگەنامەیەکی دادوەری و یاسایی دەستبەسەر کردووە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەم پەیوەندییەدا هیچ ئاکامێکی نەبووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە