سەپاندنی سزای شەش مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەر هاشم ساعدی

هاشم ساعدی، باوکی سارینا ساعدی، مێرمنداڵێک کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری سنە گیانی بەخت کرد، لەلایەن دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە سزا

١٣ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٠:٠١


هەنگاو: سێشەممە، ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٣


هاشم ساعدی، باوکی سارینا ساعدی، مێرمنداڵێک کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری سنە گیانی بەخت کرد، لەلایەن دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و هەروەها لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هاشم ساعدی، خەڵکی شاری سنە و ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری بۆکان، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی"، سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و هەروەها لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە. ئەو سزایە ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ بەفەرمی بە باوکە دادخوازە ڕاگەیەندراوە.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٣، ئەو باوکە دادخوازە هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک لە بنەماڵەی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شارەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان کە سەردانی

گڵکۆی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شارەکانی سەقز و بۆکانیان کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری بۆکان گواسترانەوە.
ئەو هاووڵاتییە دواجار ڕۆژی هەینی، ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرا.

شایانی باسە کە هاشم ساعدی لە کاتی دەستبەسەربوونیدا، لە مافە سەرەتاییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی دیاریکراو و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە.

کچێکی هاشم ساعدی، بە ناوی سارینا ساعدی و تەمەن ١٦ ساڵ، ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری سنە بە لێدانی چەندین باتۆم لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە لە سەری ناوبراو درابوو، داوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی "تەوحید"ی ئەم شارە گیانی لەدەست دا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە