مەلێحە حەسەننژاد، دایکی محەممەد حوسێنی، لە گیانەبەختکردوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، دوای حەوت مانگ مانەوە لەکۆما گیانی لەدەست دا

مەلێحە حەسەننژاد، دایکی محەممەد حوسێنی، لاوی گیانبەختکردوی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری سەقز، دوای دوو جەڵتەی دڵ و حەوت مانگ مانگ مانەوە کۆ

١٨ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٧:٠٤


هەنگاو؛ یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

مەلێحە حەسەننژاد، دایکی محەممەد حوسێنی، لاوی گیانبەختکردوی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری سەقز، دوای دوو جەڵتەی دڵ و حەوت مانگ مانگ مانەوە کۆما لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٩ی جولای ٢٠٢٣)، مەلێحە حەسەننژاد، دایکی محەممەد حوسێنی، کە لە دوای گیانبەختکردنی کوڕەکەی جەڵتەی دڵ لێی دابوو و بۆ ماوەی حەوت مانگ لە کۆمادا بوو، لە نەخۆشخانەی ڕەجایی شاری تاران گیانی لەدەست دا.

ماوەیەک دوای کوژرانی محەممەد حوسێنی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە، هەنگاو ئاگادار کرایەوە کە یەکێک لە کادرەکانی ژنی ئیتلاعاتی سوپا بەشێوەیەکی تایبەت لە پرسەی سەرەخۆشی و لە نێو ماڵدا، مەلێحە حەسەن نژادی خستبووە ژێرچاوەدێری و هەموو پەیوەندیییەکانی کۆنترۆڵکردبوو بەشێوەیەک ئیزنی نەدابوو لەگەڵ هیچ کەسێک قسە بکات.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حوسێنی، مەلێحە حەسەننژاد، بەهۆی ئەم گوشارانە و ڕێگریی ناوەندە ئەمنییەکان بەرانبەر بە میدیایی کردنەوەی هەواڵی کوشتنی کوڕەکەی، دووچاری جەڵتەی دڵ بووە و کەوتووەتە کۆما، کە لە ئەنجامدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.

محەممەد حوسێنی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی گەڕەکی مەسکەنی مێهری کوهدەشت سەر بە شاری سەقز لە کاتێکدا بەرانبەر بە تێکشکاندنی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ناڕەزایەتی دەربڕیبوو، لەلایەن ئۆتۆمبێلی هێزەکانی دژە شۆڕش کرابووە ژێرەوە و دووجار ئۆتۆمبێلی ئەم هێزانە بەسەریدا ڕۆشتبوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە