نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز جارێکی تر لە تاران دەستبەسەر کرایەوە

نازیلا مەعرووفیان، خوێندکار و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، دوای ئەوەی کە لەلایەن دادسەرای گشتیی ئ

١٧ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١١:٥١


هەنگاو: شەممە، ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

نازیلا مەعرووفیان، خوێندکار و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، دوای ئەوەی کە لەلایەن دادسەرای گشتیی ئێڤین تاران بانگ کراوە، جارێکی تر دەستبەسەر کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٨ی جولای ٢٠٢٣)، نازیلا مەعرووفیان، خوێندکار و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز، دوای ئەوەی کە لەلایەن دادسەرای گشتیی ئێڤین لە تاران بانگ کراوە، جارێکی تر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری بانگکردن و دەستبەسەرکردنەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە ڕۆژی سێشەممەی حەفتەی ڕابردوو، ١٣ی پووشپەڕ، هێزە حکوومەتییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە لە شاری تاران و دەستیان بەسەر کەرەستە و کەلوپەلە تاکەکەسییەکانی ناوبراو وەک مۆبایل و لاپتۆپەکەیدا گرتووە.

نازیلا مەعرووفیان، پێش ئەوەی کە دەستبەسەر بکرێت، وەک هەواڵنێری ناوەندی ڕاگەیاندنی "ڕوویداد ٢٤" چالاکی دەکرد و دوای بڵاوکردنەوەی وتووێژێک لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی، شەوی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری تاراندەستبەسەر کرا و دواتر بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە.

پاشان ئەو خوێندکارە لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر " ئیمان ئەفشاری" سزای دوو ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی بڕی ١٥ ملیۆن تمەنی ئێرانی و هەروەها ٥ ساڵ دوورخرانەوە لە زێدی خۆی بەسەریدا سەپێندراوە.

شایانی باسە کە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" و "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی لە ڕێگەی وتووێژێک لەگەڵ باوکی ژیان ئەمینی"، دراونەتە پاڵ ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە