ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری نەغەدە

١٤ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١١:٠١


هەنگاو: چوارشەممە، ١٤ پووشپەڕی ٢٧٢٣


لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری نەغەدە بە ناوەکانی فەرهاد ئیسماعیلی، ئاسۆ قەلەندەری و ئەحەد تاهیری، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٤ی جولایی ٢٠٢٣)، فەرهاد ئیسماعیلی خەڵکی شاری نەغەدە و دانیشتووی شاری ئورمیە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ئورمیە دەستبەسەر کرا.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، ئاسۆ قەلەندەری، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە دەستبەسەر کرا.

پێشتریش واتە ڕۆژی شەممە، ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، ئەحەد تاهیری، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری نەغەدە لە شوێنی کارەکەی لەو شارە و لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کرا.

ئەم سێ هاووڵاتییە بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری و یاسایی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراوتە پاڵیان و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە