ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر گیانلەدەستدانی مووسا ئیسماعیلی، بەندکراوی سیاسیی کورد لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا

مووسا ئیسماعیلی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی گوندی "پەسەوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکو

١٧ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٤:٣١

 

هەنگاو: شەممە، ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

مووسا ئیسماعیلی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی گوندی "پەسەوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دا.
 

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٨ی جولای ٢٠٢٣)، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە پاش ٦٢ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی مووسا ئیسماعیلی، بەندکراوی سیاسیی کورد، تەلەفۆنیان بۆ بنەماڵەکەی کردووە و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە بچن تەرمی کوڕەکەیان لەو ناوەندە حکوومەتییە وەر بگرنەوە. دوای سەردانی ئەو بنەماڵەیە بۆ ئەم ناوەندە حکوومەتییە، لەوێش پێیانیان ڕایانگەیاندووە کە کوڕەکەیان مردووە، بەڵام نەک هەر تەرمەکەیان بەو بنەماڵەیە نەداوەتەوە، بەڵکوو هەڕەشەی ئەوەشیان لێیان کردووە کە نابێت ڕێوڕەسمی سەرخۆشی بۆ کوڕە کوژراوەکەیان بگرن.

 

مووسا ئیسماعیلی، لاوی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "پەسوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٧ی مەیی ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری و یاسایی، دەستبەسەر کراوە و ئۆتۆمبێلەکەیشی دەستی بەسەردا گیراوە.

 

بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی نزیکی بنەماڵەی ئیسماعیلی؛ "هێزە حکوومەتییەکان بەبێ هیچ ڕوونکرنەوەیەک یان بەڵگەی پێوەست لەسەر تێپەڕاندنی پرۆسەیەکی دادوەری و دادگاییکردن، بەو بنەماڵەیەیان ڕاگەیاندووە کە مووسا لەسێدارە دراوە". بەڵام بنەماڵەی ئیسماعیلی لە ماوەی دەستبەسەربوونی کوڕەکەیاندا بەردەوام بەداداچوونیان بۆ بارودۆخی مووسا کردووە و پێیان وایە کە هیچ پرۆسەیەکی دادگاییکردن بەڕێوە نەچووە و هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی بۆ کوڕەکەیان نەگیراوەتە بەر.

 

ئەو هاووڵاتییە لە هیچ دادگایەک و پرۆسەیەکی دادگاییکردندا ئامادە نەبووە تاکوو بەو خێرایییە ڕێکارە یاسایییەکانی تێپەڕ کردبێت و بڕیارەکەش لەلایەن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامییەوە پەسەند کرا و دواتر جێبەجێ کرابێت، تەنانەت ئەو تۆمەتانەش کە دراونەتە پاڵ مووسا هێشتا ڕوون نەکراونەتەوە. بەڵام بنەماڵەکەی ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە ناوبراو لەژێر ئەشکەنجەی هێزە حکوومەتییەکاندا کوژراوە. هەروەها جێگای سەرنجە کە دوای ماوەیەکی بەرچاو تەرمەکەشی لە ساردخانەدا ڕاگیراوە و دواجار ئەمڕۆ بنەمالەکەشی لە کوژرانی کوڕەکەیان ئاگادار کراونەتەوە.

 

هەر لەم پەیوەندییەدا ناوەندە حکوومەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئیسماعیلی کردووە کە ئەگەر لەو بارەیەوە هەر جۆرە زانیارییەک بڵاو بکرێتەوە و ئەو هەواڵە لە ڕاگەیاندنەکاندا ڕووماڵ بکرێت، لێکەوتەی جیددی و خراپی بۆیان لێ دەکەوێتەوە.

 

شایانی باسە کە مووسا ئیسماعیلی لە دوای دەستبەسەربوونی تاکوو کاتی کوژرانی، هیچ پەیوەندییەکی  تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەشی لە ناوەندە حکوومەتی و دادوەرییە جیاوازەکاندا هیچ ئاکامێکی نەبووە و هیچ وەڵامێکیان وەر نەگرتووە.

 

هانگاو وێڕای ئیدانەکردنی ئەو تاوانە و "کوژرانی سەرەڕۆیانە"ی مووسا ئیسماعیلی، ڕایدەگەیەنێت کە لەسەر ئەم تاوانە درێژە بە لێکۆڵینەوەکانی دەدات و ئاکامێکی لێکۆڵینەوەکان و بۆچوونی یاساییی خۆی لەو بارەیەوە بڵاو دەکاتەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی پێشووتری هەنگاو؛ لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٢٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کوژراون و لەو ژمارەیەش ١٣ کەسیان واتە ٦٥٪ی کۆ گشتی حاڵەتەکان، بەندکراوانی کورد بوون


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە