ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر گیانلەدەستدانی مەهدی سادقی، دەستبەسەرکراوێکی بزووتنەوەی ژن، ژینا، ئازادی

مەهدی سادقی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام کە لەم دوایییانەدا ماوەی ٦ مانگ بەندکرانەکەی تێپەڕ کرد و لە بەندیخانەی ناو

١١ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٢٠:٥١


هەنگاو: یەکشەممە، ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

مەهدی سادقی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام کە لەم دوایییانەدا ماوەی ٦ مانگ بەندکرانەکەی تێپەڕ کرد و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا؛ هەوڵی خۆکوشتنی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١ی جولای ٢٠٢٣)، مەهدی سادقی، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام کەمتر لە دوو حەفتە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی بەندکرانەکەی، لە شاری تاران هەوڵی خۆکوشتنی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو لەم پەیوەندییەدا باسیان لەوە کردووە کە ئەو بەندکراوە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە ئیلامەوە چووەتە تاران و دواتر ئاشکرا بووە کە ڕۆژی شەممە، ١٠ی پووشپەڕ (١ی جولای) کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ناوبراو پاش ئازادبوونی لە بەندیخانە، لەسەر بارودۆخی خۆی بۆ هەنگاو باسی لەوە کرد کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە دراوە و هەروەها باسی خراپی باری دەروونیی خۆی لە بەندیخانەدا کرد.

مەهدی سادقی پێشتر لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلیڕەزا هیمەتیزادە"، بە تۆمەتی "هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی بەهۆی ئاژاوەگێڕی و دروستکردنی قەرەباڵی"، بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەستبەسەربوونی پێش لە دادگاییکردنەکەی، سزای ٦ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی و هەروەها ٢ ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی لە ئێرانی بەسەردا سەپا.

ئەم لاوە کوردە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری ئیلام لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەزی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

شایانی باسە کە مەهدی سادقی هەم لە کاتی دەستبەسەربوون و هەم لە کاتی دادگاییکردنیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە