ئاگاداریی هەنگاو لەسەر ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر چوار هاووڵاتیی ناڕازیی خەڵکی سنە

چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی کەیوان زەندکەریمی، سەردار شاهمورادی، ئارام ئازاد و هووشەنگ چوارگورگە، کە لە ڕە

١٨ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٢٣:٠٠


هەنگاو: چوارشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی کەیوان زەندکەریمی، سەردار شاهمورادی، ئارام ئازاد و هووشەنگ چوارگورگە، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردوو لەو شارە دەستبەسەر کراون، تۆمەتی "موحارەبە" بەسەریاندا سەپاوە و هەنووکە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراون و گیانیان لە مەترسیدایە، ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەو چوار بەندکراوە لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی کەیوان زەندکەریمی، تەمەن ٢٩ ساڵ، سەردار شاهمورادی، تەمەن ٢٦ ساڵ، هووشەنگ چوارگورگە، تەمەن ٤٤ ساڵ و ئارام ئازاد، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە تۆمەتی "موحارەبە" بەسەریاندا سەپاوە.

لە ئێستەدا دۆسیەی جیاجیای سەردار شامورادی، خوێندکاری قۆناغی دکتۆرای بواری پزیشکی، کەیوان زەندکەریمی، دووکاندار، هووشەنگ چوارگورگە و ئارام ئازاد، لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "موحارەبە" لە ڕەوتی پێڕاگەیشتندایە.

ئەو چوار هاووڵاتییە کە لە هەشتەمین مانگی دەستبەسەربوونیاندان، چەندین جار لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری ناوەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سنە، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و دۆسیەسازی، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دڕندانەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.

هەنگاو پێشتر لەسەر ئازاد ئارام ڕاگەیاندووە: ناوبراو لە ناوەندی هەواڵگریی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری سنە ڕاگیراوە، بە مەبەستی ئەوەی کە پێی ئەوترێت "سیناریۆسازیی تاوان"، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و پاشان بۆ شوێنەکەی خۆی گەڕێندراوەتەوە.

ئەم چوار هاووڵاتییە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە حکوومییەکانەوە دەستبەسەر کراون و کەیوان زەندکەریمی لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. بەڵام دوای چەند ڕۆژێک لە ئازادکردنی و لەژێر گوشاری ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە کاتێکدا بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی سەردانی دادگای کردبوو، ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی بانەمەڕ واتە پێنج ڕۆژ دوای ئازادیی کاتی ناوبراو، دیسان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە.

لە کاتێکدا ئەو هاووڵاتییانە لە ٢٦ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا بە کوشتنی حەسەن یووسفی، ئەندامێکی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان تۆمەتبار کراون، ڕاگەیاندنەکانی سەر بە سوپای پاسداران ڕاپۆرتیان لەسەر دەستبەسەرکردنی ئەو چوار خۆپیشاندەرە لە شاری سنە بڵاو کردەوە و بانگەشە و پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە ئەو دەستبەسەرکردنی چوار کەسە پەیوەندی بە کوشتنی ئەو ئەندامەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە هەیە.

شایانی باسە کە لە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، دوای ڕێوڕەسمی چلەی گیابەختکردووانی شاری سنە، لە کاتی گەڕانەوەیاندا سێ خۆپیشاندەر بە ناوەکانی ئارام حەبیبی، شاهۆ بەهمەنی و ئومید حەسەنی کوژران. هەروەها لە هەمان ڕۆژدا هێزە چەکدراەکانی حکوومەت پەلاماری هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئاریان خۆشگەوار و تەمەن ١٨ ساڵیان داوە و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان داوە، ئە لاوە کوردە پاش ئەوەی کە بۆ نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە گواستراوەتەوە، دوای چوار مانگ مانەوە لەو نەخۆشخانەیە لە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ماددەی ٢٨٢ی یاسای سزادانی ئیسلامیی پەسەندکراوی ساڵی ٢٧١٢، ئەو کەسانەی تۆمەتی موحەرابەیان بەسەردا دەسەپێندرێت، سزای "سێدارەدان، لە خاچدان، بڕینی دەستی ڕاست و لاقی چەپ و هەروەها دوورخستنەوەی لە زێدی خۆی" دەیانگرێتەوە. دیاریکردنی هەرکام لەو سزایانە "بە ئاستی ئەو تاوانانەوە گرێ دراوە" کە لەلایەن دادوەرەوە وەک تۆمەت دەدەرێتە تۆمەتباران. بەگوێرەی ئەم تۆمەتە و بەو پێیەی کە سوپای پاسداران سکاڵاکەری دۆسیەی ئەم چوار هاووڵاتییەیە، هەنووکە گیانیان لە مەترسیدایە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە