دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی ئارام ڕۆحی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز

ئارام ڕۆحی، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز، نۆ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستاش چارەنووسی ناڕوونە.

١٠ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٠:٠٦


هەنگاو: سێشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

ئارام ڕۆحی، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز، نۆ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستاش چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئارام ڕۆحی، تەمەن ٣١ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی "تورجان"ی سەر بە شاری سەقز، ماوەی نۆ ڕۆژە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستاش چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی هیچ ئاکامێکی نەبووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە کاتی کارکردن لە کێڵگەکەی خۆیدا، لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە بە دوو ئۆتۆمبێل هەڵیانکوتاوەتە سەری و دەستبەسەریان کردووە و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئارام ڕۆحی و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٣) لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە