
هەنگاو: یەکشەممە، ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣
فریشتە مەنسووری، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری "سەراوڵە"ی سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە سەرەتای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو پێشتریش سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هاووڵاتییەک بە ناوی فریشتە مەنسووری، تەمەن ٣٦ ساڵ و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەراوڵە، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی شاری چەرداوڵ بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی"، سزای ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
ئەو سزایە لەلایەن دادگای تاوانەکانی شاری چەرداوڵەوە بۆ هەڵپساردن و چاودێریکردنی ناوبراو بۆ ماوەی سێ ساڵ کەم کراوەتەوە. بەپێی بڕیاری ئەم سزایە، سیمکارتی تەلەفۆنی موبایل و لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فریشتە مەنسووری دەستیان بەسەردا دەگیردرێت و هەروەها پێویستە ناوبراو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سەردانی ناوەندە دەرمانییە دەروونناسییەکان بکات و پاشان نامەی تەندروستیی خۆی ڕادەستی ناوەندە حکوومەتییەکانی بکاتەوە.
ئەو چالاکە مەدەنییە لە مانگی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، جارێکی دیکە بە تۆمەتی "تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی گشتی"، "سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی" و "پێکهێنانی باند و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایش ناوخۆی ئێران" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی سزای بەسەردا سەپابوو. سەرەڕای ئەوەی کە فریشتە بەرپرسیارەتیی منداڵێکی لە ئەستۆ بوو و سەرپەرستی بنەماڵەکەشی بوو، بەڵام بەبێ ئەوەی کە مەجالی دەستپێڕاگەیشن بە پارێزەری هەبێت تاکوو بە شێوەی یاسایی بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، بڕیاری جێبەجێکردنی ٦ مانگ لەم سزایە یەکلایی کرایەوە و پێی ڕاگەیەندرا دەبێت جێبەجێ بکرێت.
فریشتە مەنسووری، شاخەوان و دەرچووی بەشی کەرەستە پزیشکییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. دواتر بە دانانی بارمتەی ٥٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
ئەم چالاکە مەدەنییە، لە ساڵی ٢٧٠٩ لە شاری تەورێز دیسان دەستبەسەر کراوەتەوە و بۆ ماوەی یەک وەرز لە خوێندن هەڵسەپێردراوە. هەروەها ناوبراو لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٧١٩ لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەراوڵە دیسان جارێکی دیکە دەستبەسەر کراوە و دوای ماوەیەک لێپرسینەوە و دەستبەسەربوون ئازاد بوو.