مەهاباد؛ ئەرسەلان مەحموودی بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٣ ساڵ بەندکردن دەستبەسەرکرا

ئەرسەلان مەحموودی، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"دا دەستبەسەرکرابوو و ماوەیەک پێش لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە سزای ٣٦ مانگ بەندکرانی بەسەر

١٩ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٩:٤٦


هەنگاو؛ پێنج شەممە ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

ئەرسەلان مەحموودی، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"دا دەستبەسەرکرابوو و ماوەیەک پێش لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە سزای ٣٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، ئەرسەلان مەحمودی، تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی مەهاباد بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٣٦ مانگ بەندکردنی سەپێندراو بەسەریدا، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.

ئەرسەلان مەحموودی پێشتر لەلایەن دادگایی شۆڕشی مەهابادەوە بەهۆکاری بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردووی ئەم شارە، سزای ٣٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی ٤ مانگ بەندکرانیدا، ئەرسەلان مەحموودی بە سەختی ئەشکەنجە کراوە و ناچار بە دانپێدانی زۆرەملێ لە دژی خۆی کراوە.

لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری مەهاباد، لە کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ناوبراویان دەستبەسەرکرد. ئەرسەلان مەحموودی دوای چوار مانگ بەندکردن و خۆڕاگری لەبەرامبەر ئەشکەنجە بە بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەیەکی کاتی و هەتا کۆتایی دادگاییکردنەکەی ئازادکرابوو.

هەتا ئێستا لە هیچ ڕاگەیاندن و ناوەندێکی هەواڵیدا، هەواڵی دەستبەسەرکران و سەپاندنی سزا بەسەر ئەم هاووڵاتییە بڵاونەکراوەتەوە و هەنگاو وەکوو یەکەمین سەرچاوە بڵاوی دەکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە