دەستبەسەرکردنی سێ لاوی خەڵکی شاری دێلۆڕان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێلۆڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی مەهدی حاتەمی، سەجاد سەیدمورادی و ڕەزا ئیبراهیمی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراو

٢٧ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٠:١١


هەنگاو: دووشەممە، ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێلۆڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی مەهدی حاتەمی، سەجاد سەیدمورادی و ڕەزا ئیبراهیمی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنگەلێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەهدی حاتەمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێلۆڕان و دەستبەسەریان کردووە.

ڕۆژێک پێشتریش واتە شەممە، ٢٥ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی دیکەی وەرزشکاری خەڵکی ئەو شارە بە ناوی سەجاد سەیدمورادی، لەلایەن کۆمەڵێک لە هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەرمانان، ڕەزا ئیبراهیمی، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری دێلۆڕان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەم سێ هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ شوێنگەلێکی نادیار گواستراونەتەوە و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە