دەستبەسەرکردنی مامۆستایەکی قوتابخانە و هاووڵاتییەک لەلایەن هێزەکانی حکوومەتییەکانەوە لە قوروە و سەقز

عەبدوڵڵا عەبدولمەلەکی، مامۆستای خانەنشینکراوی خەڵکی شاری قوروە و لوقمان بیداری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، هاوکات لەگەڵ یەکەم ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی ژ

٢٧ خەرمانان ٢٧٢٣، ٠٩:٣١


هەنگاو: دووشەممە، ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣

عەبدوڵڵا عەبدولمەلەکی، مامۆستای خانەنشینکراوی خەڵکی شاری قوروە و لوقمان بیداری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، هاوکات لەگەڵ یەکەم ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، عەبدوڵڵا عەبدولمەلەکی، مامۆستای خانەنشینکراوی قوتابخانە و خەڵکی شاری قوروە، لەلایەن کۆمەڵێک لە هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستایە دوای ئەوەی لەسەر سووکایەتیکردنی هێزەکانی سوپای پاسداران بە کچانی ناڕازی ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە و بە مەبەستی دۆسیەسازی ڤیدیۆیان لەو کچانە تۆمار کردووە، لە شەقامێکی شاری قوروە دەستبەسەر کراوە.

هاوکات لوقمان بیداری، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز لەناو نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ئەو شارە بە هۆکارگەلێکی ناڕوون لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکردنیان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بۆ شوێنی نادیار گواسترانەتەوە و هێشتا بارودۆخیان ناڕوونە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە