لاوێکی کاسبکاری کورد بەهۆی ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزە حکوومەتییەکانەوە گیانی لەدەست دا

لاوێکی کاسبکاری کورد بە ناوی پوویا بابایی و خەڵکی شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، دوای تەقەی هێزە حکوومەتییەکان لە ئۆتۆمبێلەکەی و دەستب

١٨ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٣:٥٠


هەنگاو: شەممە، ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٣

لاوێکی کاسبکاری کورد بە ناوی پوویا بابایی و خەڵکی شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، دوای تەقەی هێزە حکوومەتییەکان لە ئۆتۆمبێلەکەی و دەستبەسەرکردنی ناوبراو لەلایەن ئەو هێزانەوە، بەهۆی ئەشکەنجەی دڕندانە و هۆڤانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی هەینی، ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەکی لاوی کاسبکار بە ناوی پوویا بابایی، تەمەن ٢٦ سال خەڵکی گوندی "پیرباوە"ی سەر بە شاری جوانڕۆ و دانیشتووی ئەو شارە، دوای حەفتەیەک دەستبەسەربوون و خەوێندران لە نەخۆشخانەیەکی کرماشان، بەهۆی ئەوەی کە مێشکی لەتمەی لێ کەوتووە و هەروەها شکانی بڕبڕاگەی پشتی، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە کاسبکارە کوردە حەفتەی ڕابردوو لە نزیک شاری حومەیل لە پارێزگای کرماشان، لە کاتێکدا کە بەبێ هیچ جۆرە بارێک بەرەو شارەکانی باشووری ئێران دەچوو، لە ناوڕێگەدا هێزە حکوومەتییەکان تەقەیان لە تایەی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکە کردووە و پاش ڕاگیرانی ناوبراو بە شێوەیەکی نامرۆڤانە، دەستبەسەریان کردووە و سەرەڕای ئەوەش بە شێوەیەکی هۆڤانە و دڕندانە ئەشکەنجەیان داوە کە بەم هۆیەوە مێشک لەتمەی بینیوە و هەروەها بڕبڕاگەەی پشتیشی شکاوە، دواتر دەستبەسەرگەدا هەر بەم هۆکارەوە گیانی لەدەست دا.

دوای کوشتنی پوویا بابایی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، هاوژینی ئەو هاووڵاتییە کە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە، تووشی دەمارەهێدمە (حملە عصبی) بووە و ئێستاش لە نەخۆشخانە و لەژێر چاوەدێریی چڕوپڕی پزیشکیدایە و دۆخی تەندروستیی ناوبرا نالەبارە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری جوانڕۆ گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەی بابایی کە نابێت لە مزگەوت پرسە بەڕێوە ببەن. هەروەها هەڕەشەی ئەوەشیان لەو بنەماڵەیە کردووە کە نابێت هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندن و هەواڵدەرییەکاندا بڵاو بکرێتەوە.

شایانی باسە کە بەپێی مادەی ٦ی یاسای بەکارهێنانی چەک لە ئێراندا تەقەکردن لە ئۆتۆمبێل بەتەواوەتی سنووردار کراوە، بەڵام هێزە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکان لە شارەکانی کوردستان هیچ جۆرە یاسا و ڕێسایەکی تەنانەت خۆشیان ڕەچاو ناکەن و بە بیانووی گومانکردنی چەواشەکارابە تەقە لە خەڵکی مەدەنی و ئۆتۆمبێلی خەڵک دەکەن کە ئەمەش لە کوردستان بووەتە ڕەوتێکی ئاسایی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە