ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر سەرکوتی مامۆستایان و قوتابییان؛ سەپێندرانی سزای نامرۆڤانەی قامچی و بەندکردن بەسەر مامۆستا و قوتابییان لە سەرتاسەری ئێران

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە، واتە کەمتر لە ٩ مانگ (٢٤٦)

٣١ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٣:١٦

 

هەنگاو؛ هەینی ٣١ی خەرمانانی ٢٧٢٣

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە، واتە کەمتر لە ٩ مانگ (٢٤٦) ڕۆژ، لانی کەم ١١٠ منداڵ و قوتابی و ٤٣ مامۆستای قوتابخانه لە سەرتاسەری ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و ١٧ مامۆستا و ٥ قوتابیش سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەریاندا سەپێندراوە.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو و ئەو بەڵگانەی کە لەبەردەستدایە، لانی کەم ١١٠ قوتابی کە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرابووە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپاوە لە ئێراندا دەستبەسەرکراون.

لە کۆی ئەو ١١٠ منداڵ و مێرمنداڵە دەستبەسەرکراوانەدا، ٤٧ کەسیان کورد و ٤٧ کەسیان بەلوچ بوون کە دەکاتە زیاتر لە ٨٥٪ی دەستبەسەرکراوەکان لە ئێراندا. ١٦ منداڵ و مێرمنداڵە دەستبەسەرکراوەکانی دیکە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێرانن، کە بە دەستبەسەرکرانی ٦ منداڵ لە کەرەج، زۆرترین ڕێژەی دەستبەسەرکرانی تێدا تۆمارکراوە.

لەنێو دەستبەسەرکراواندا ١٦ کەسیان کچ و ٩٤ کەسی دیکەیان کوڕبوون کە هەموویان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە و وەک منداڵ هەژمار دەکرێن. هەروەها ١٢ کەس لەم منداڵانە ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکانن کە ئەندامێکی بنەماڵەکەیان لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لەدەستداوە.

بەپێی ئەم لێکۆڵینەوانە لانی کەم ٤٧ مامۆستا لە شارەکانی ئێراندا دەستبەسەرکراون کە لەو ژمارەیە٢٦ (٥٥٪) کەسیان کورد بوون و لە شارەکانی کوردستاندا مامۆستابوون.

لە کۆی ٤٧ مامۆستای دەستبەسەرکراو ٦ کەسیان ژن و ٤١ کەسیان پیاوبوون.

 

سەپێندرانی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەر ٥منداڵی خوار تمەن ١٨ ساڵدا

لەماوەی ئەم ٩ مانگەدا لانی کەم ٥ منداڵ و مێرمنداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٩ ساڵ و ٥ مانگ بەندکران و ١٤٨ قامچییان بەسەردا سەپێندراو. ئەم پێنج منداڵە خەڵکی شارەکانی کوردستانن.

ناوی ئەم منداڵانە بریتین لە:

١- کوروش گەڕاوەند؛ تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەراوڵە، سزای ٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٢- ئەرشیا بەرزین؛ تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ، سزای ٣ ساڵ بەندکران و ٧٤ قامچی بەسەردا سەپێندراوە.

٣- کیانووش ئەعزەمی؛ تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ، سزای ١٠ مانگ بەندکران و ٧٤ قامچی بەسەردا سەپێندراوە.

٤_ فەخرەدین ئیبراهیمی؛ تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شنۆ، سزای یەک ساڵ بەندکران و ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵسەپێندراوی بەسەردا سەپێندراوە.

٥- فەرهاد نەوایی؛ تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

 

سەپێندرانی سزای بەندکردن و قامچی بەسەر ١٧ مامۆستادا:

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەم ماوەیەدا لانی کەم ١٧ مامۆستا لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سەرجەم سزای ٦١ ساڵ و ١١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکران و هەروەها دوو کەسیان سەرەڕای سزای بەندکردن سەرجەم ١٤٠ قامچیان بەسەردا سەپێندراوە.

١_ مەهدی داستانی خەڵکی یەزد، سزای ١ ساڵ بەندکران و ٧٤ قامچی بەسەردا سەپێندراوە.

٢- سەلاح ئازادی خەڵکی مەریوان، سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٣- شەعبان محەممەدی خەڵکی مەریوان، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٤_ سروور مەلاییخەڵکی سنە، سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٥- ئەحمەد عەلیزادە خەڵکی ئاودانان، سزای ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٦- موژگان باقری خەڵکی شیراز، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٧- زەهرا ئەسفەندیاری خەڵکی شیراز، سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٨- عەبدولڕەزاق ئەمیری خەڵکی شیراز، سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٩- ئەسغەر ئەمیرزادگان خەڵکی شیراز، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٠- غوڵامڕەزا غوڵامی خەڵکی شیراز، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١١- ئەفشین ڕەزمجویی خەڵکی شیراز، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٢- ئیرەج ڕەهنەما خەڵکی شیراز، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٣- محەممەدعەلی ڕەزمکۆش خەڵکی شیراز، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٤- سارا سیاپوور خەڵکی تاران، سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٥- حەمید جەعفەری خەڵکی کاشان، سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٦- سولێمان عەبدی خەڵکی سەقز لە دوو دادگادا سزای ١٦ مانگ بەندکران و ٧٠ جار لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندراوە.

١٧- تاهرە نەقی ئی خەڵکی تاران، سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە