ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر مانگرتنی سەرانسەریی کوردستان لە ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی

هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان و ساڵڕۆژی دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دوای بانگەو

٢٥ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٥:١٣


هەنگاو: شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣


هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان و ساڵڕۆژی دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دوای بانگەوازی پێشووختەی حیزب و لایەنە کوردستانییەکان و هەروەها ڕێکخراوە و چالاکە مەدەنییەکانی کوردستان، دووکاندار و کاسباکارانی لانی کەم ١٨ شار مانگرتنێکی بەرینیان بەڕێوە برد.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە ١٨ شاری کوردستان وەک؛ بۆکان، دێولان، مەریوان، ئورمیە، سنە، کامێران، بانە، قوروە، ئیلام، بیجاڕ، ڕوانسەر، سەقز، مەهاباد، شنۆ، دیواندەرە، سەردەشت، پاوە و میاندواو بەڕێوە چوو.


بەپێی ئەو وێنانەی کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتوون؛ هاوکات ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنە گشتییەکانی کوردستان، کۆمەڵێکی زۆر لە هێزە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکان و بەتایبەت نیشانەشکێنەکان لە شار و شوێنە جیاوازەکان بەتایبەت لە شاری سەقز جێگیر کراون و هێزی سەرکوتکەر و یەکەی تایبەت بە مەبەستی ترساندنی هاووڵاتییان دەسووڕێنەوە، هەروەها هەلیکۆپتەرەکانی سوپای پاسدارانیش بەردەوام لە ئاستێکی نزمدا بەسەر ئاسمانی شارەکانی کوردستاندا خەریکن دەسووڕێنەوە.


ساڵی ڕابردووش چەند جار بە هۆکار و بۆنەگەلی جیاوازەوە مانگرتنی هاوشێوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لە شارەکانی کوردستان بەڕێوە چوو، هاوکاتیش چالاکانی پیشەیی و کاسبکاران لەم پەیوەندییەدا لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەناچار بەڵێننامەیان پێ واژۆ کراوە و سزای پێبژاردنیشان بەسەردا سەپاوە، هەروەها ناوەندە حکوومەتییەکان چەند دووکانێکیشیان داخستووە و مۆڵەتی کاسبیکردن لەو دووکانە داخراوانە هەڵوەشاندووەتەوە.


بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ئەم مانگرتنانە لە کاتێکدایە کە دۆخێکی میلیتاریزە و هاوشێوەی بارودۆخی شەڕ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەسەر شارەکانی کوردستاندا سەپێندراوە و هەزاران هێزی سەرکوتکەر و چەکداری پڕچەک بە کەرەستەکانی شەڕ، زرێپۆش، هیلیکۆپتەر و فڕۆکەی سەربازی لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا بۆ شارەکانی کوردستان گواستراونەتەوە.


هەروەها لە چەند حەفتەی ڕابردوودا زۆربەی کاسبکاران و دووکاندارەکان یان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ کراون یان لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێت لەم مانگرتنەدا بەشداری بکەن و هەر لەم پەیوەندییەشدا پێنج ئەندامی یەکێتیی زێڕفرۆشانی شاری بۆکان دەستبەسەر کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە