ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر هەوڵی ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ چەواشەکاریی کوژرانی محەممەد حەسەنزادە

هەواڵدەریی "میزان"، ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی و سەر بە ناوەندە حکوومەتییەکان، پاش نزیکەی ١٠ مانگ ل

١٢ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢١:٢٣


هەنگاو: یەکشەممە، ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣

هەواڵدەریی "میزان"، ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی و سەر بە ناوەندە حکوومەتییەکان، پاش نزیکەی ١٠ مانگ لە کوژرانی محەممەد حەسەنزادە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دەستی کردووە بە چەواشەکاری و وابێژی ئەوەی کردووە کە ئەو لاوە گیانبەختکردووە لە "شەڕی دەستەویەخە و بە چەقۆ" کوژراوە.

لە ڕاپۆرتەکەی هەواڵدەریی "میزان"ی سەر بە دەزگای دادوەریی ئێران کە بە شێوەی ڤیدیۆ و بەبێ هیچ وێنەیەکی دیاریکراو بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە کەسێک بە ناوی "فەردین کەریمی" دەستبەسەر کراوە و ئەو کەسەش وەک بکوژی محەممەد حەسەنزادە لەقەڵەم دراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو؛ فەردین کەریمی، لە سیناریۆیەکی نوێی سوپای پاسداران، ڕۆڵی کەسێکی مەدەنیی گێڕاوە کە بەپێی چەواشەکانی هەواڵدەریی "میزان"؛ فەردین کەریمی بەهۆی کێشەی و ناکۆکیی نێوانیانەوە بە چەقۆ "محەممەد حەسەنزادە"ی کوشتووە. ئەو چەواشەکاراییانەی ناوەندە حکوومەتییەکان لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی زانیارییەکان، فەرەیدوون کەریمی ئەندامی فەرمیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییە.
لە سیناریۆی داتاشراو و چەواشەکارانەکەی هەواڵدەریی "میزان"دا باس لەوە کراوە کە محەممەد حەسەنزادە چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی بکوژرێت، "ئۆتۆمبێلی پێ بووە و بەتەمای ئەوە بووە کە لەسەر شەقام خاتوونێک هەڵگرێت " و لەناکاو فەردین کەریمی دەگاتە شوێنی ڕووداوەکە، دواتر لەسەر ئەو خاتوونەی کە ئەو ناوەندە حکوومەتییە وابێژیی دەکات، ئەو دوو کەسە بووەتە شەڕ و دەمەقاڵەیان.

ئەو جۆرە چەواشە و پڕوپاگەندانە هاوکات لەگەڵ سیناریۆی ناوەندە حکوومەتییەکان بە مەبەستی لەتمەلێدان و لێدانی پێگەی کەسایەتی و کۆمەڵایەتیی ناڕازییان و چالاکانی سیاسی بەڕیوە دەبرێت و بڵاو دەکرێنەوە.

بەگوێرەی ئەوەی کە هەواڵدەریی "میزان" چەواشە و پڕوپاگەندەی دەکات؛ هەنووکە "لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان لەسەر وردەکاریی دۆسیەکەدا هێشتا بەردەوامە". ئەگەری هەیە دیسان ناوەندە حکوومەتییەکان جارێکی دیکە سیناریۆی هەمیشەییی خۆیان دووپات بکەنەوە و ئەم جارەش سوپای پاسداران لە سیناریۆیەکی تایبەت بە دژی محەممەد حەسەنزادە، فەردین کەریمی و ئەو خاتوونەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا وابێژی دەکەن بیانتێرێتە پێش کامێرەکان.

شایانی باسە محەممەد حەسەنزادە، مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٢، نزیکەی مانگێک پێش کوژرانی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ڕۆژانی سەرەتای بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی شاری بۆکان، بە گوللەی ساچمەییی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت چاوی چەپی بریندار کرابوو و تا ڕادەیەکی زۆر بیناییی ئەو چاوەی لەدەست دابوو.

هەروەها ئەو لاوە گیانبەختکردووە، ٢٤ کاتژمێر بەر لە کوژرانی، لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆی موشەکبارانی سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای پاسدارنی کۆماری ئیسلامییەوە ئیدانە کردبوو و ئەمەش بە نیشانەی ناڕەزایەتیی خۆی بە دژی کۆماری ئیسلامی بڵاو کردبووەوە.

محەممەد حەسەنزادە بەر لەوەی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکانەوە بکوژرێت، لە ستۆریی ئینستاگرامەکەی خۆی نووسیبووی: "ڕەنگە ئەمڕۆ دوایین ڕۆژی ژیانم بێت، بۆ بەختەوەریی خەڵک و نەتەوەکەم... بێژی بۆکان"!.

جگە لەوەی کە هێزە حکوومەتییەکان بنەماڵەی ئەو لاوە گیانبەختکردووەیان بە زۆرەملێ ناچار کرد کە لە شەودا و بەبێ ئاگاداریی خەڵک تەرمی کوڕەکەیان ئەسپەردە بکەن، کە بە گوشاری داواکاری گشتیی بۆکان و بەرپرسانی ناوەندە حکوومەتییەکان کرا و ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونی ترسی حکوومەت لە ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی کوژرانی ئەم هاووڵاتییە لەلایەن حکوومەتەوەیە. هەر لەو کاتەدا داواکاری گشتیی بۆکان لە وەڵامی بنەماڵەی حەسەنزادە و داخوازییەکەیان بۆ ناشتنی کوڕەکەیان لە کاتژمێر ١٠ی ڕۆژی دواتر وتبووی: "ئەوە بۆ ئێمە بەرپرسیارەتیی هەیە و دەبێت لە شەودا بەبێ بەشداریی خەڵک ئەسپەردەی بکەن و بە بێدەنگی کۆتایی پێ بهێنن".

لە کۆتاییدا هەنگاو جارێکی تر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو زانیارییانەی لەلایەن دامەزراوە و ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، لە بنەڕەتدا درۆیەکی چەواشەکارانەن و هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی و ڕاستییەکییان تێدا نییە. محەممەد حەسەنزادە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری بۆکان و لە کاتێکدا کە لە هەوڵی ڕزگارکردنی کچێکی ڕفێندراوی کورد لە چنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت بوو، بە لێدانی چەندین چەقۆ و گوللەیەک لەلایەن ئەندامانی هێزە حکوومەتییەکان کە لە سینگ و دڵی درابوون، گیانی بەخت کرد.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە