دەستبەسەرکرانی شەهین ئەحمەدی دایکی ئارمیتا گەڕاوەند لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

شەهین ئەحمەدی دایکی ئارمیتا گەڕاوەندی تەمەن ١٦ ساڵە قوربانیی حیجابی زۆرەملێ کە ئێستا لە نەخۆشخانەی فەجری تاران لە کۆمادایە، لەلایەن هێزە ئەم

١٣ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٥:٥٢

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی ڕەزبەر ٢٧٢٣

شەهین ئەحمەدی دایکی ئارمیتا گەڕاوەندی تەمەن ١٦ ساڵە قوربانیی حیجابی زۆرەملێ کە ئێستا لە نەخۆشخانەی فەجری تاران لە کۆمادایە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دەمەوئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، شەهێن ئەحمەدی دایکی ئارمیتا گەڕاوەندی لە نەخۆشخانەی فەجری تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنکی نادیار گواستراوەتەوە.
 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی شەهین ئەحمەدی بە بەکارهێنانی تووندوتیژییەوە بووە و تاوەکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی مانەوەی خاتوون ئەحمەدی لەبەر دەست نییە. هەنگاو زانیویەتی کە بنەماڵەی ئەحمەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە خۆ بە دوور بگرن لە میدیایی کردنەوەی ئەم هەواڵە.
 

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا میدیا حکومییەکان جاوپێکەوتنێکیان لە دایک و باوکی ئارمیتا بڵاو کردەوە. لەم چاوپێکەوتنەدا دایکی ئارمیتا دەڵێت: " نازانین، وتوویانە تووشی نزمی پەستانی خوێن بووە". چاوپێکەوتنەکە ئەوە دەردەخات کە بنەماڵەی ئارمیتا ئاگاداری هۆکاری بێهۆشی کچەکەیان نین.
 

هەنگاو پێشتر لەلایەن یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی گەڕاوەند بڵاوی کردبۆوە کە: " ئەم چاوپێکەوتنە لە نەخۆشخانەی فەجر بە زۆرەملێ و ئامادە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان کراوە و ئەوان لە ژێر گوشاری ئەم هێزانە ئەم چاوپێکەوتنەیان کردووە.
 

هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، هێزەکانی حەراسەتی پەروەردە لەگەڵ تیمێک لە هێزە ئەمنییەکان چونەتە هونەرەجوانەکانی "عروة الوثقی" شوێنی خوێندنی ئارمیتا گەڕاوەندی بە هەڕەشە کردن لە خوێندکاران و هاوڕێیانی ئارمیتایان ویستووە کە هیچ هەواڵێک لە بارەی ئارمیتا بڵاو نەکەنەوە. هێزە ئەمنییەکان بە خوێندکارەکانیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری بڵاو کردنەوەی هەرجۆرە وێنەیەکی ئارمیتا بە تووندی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە