سنە؛ سزای بیست ساڵ بەندکران بەسەر ئیدریس مینبەری و سروە پوورمحەممەدی، دوو مامۆستای زمانی کوردی سەپێندرا

ئیدریس مینبەری و سروە پوورمحەممەدی، دوو چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی و هەروەها لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجوومەنی فەر

٤ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٢٣:٠١


هەنگاو؛ پێنجشەممە ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

ئیدریس مینبەری و سروە پوورمحەممەدی، دوو چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی و هەروەها لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین لە سنە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەرکامەیان سزای دە ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا ئیدریس مینبەری و سروە پوورمحەممەدی، لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی، هەریەک سزای دە ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزایە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، بەشێوەی فەرمی بە جوانمێر عەبدوڵڵاهی و هێمن مەجیدی، پارێزەری ئیدریس مینبەری ڕاگەیێندراوە.


ئیدریس مینبەری لە لاپەڕەکەی خۆی نووسیویەتی، ئەو سزا بە تۆمەتگەلی وەکوو "شوێنکەوتنی لاپەڕەکانی هەنگاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی، ڕەواییدان بە بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ڕێبەری ئەنجوومەنی کولتووری نۆژین بەمەبەستی دانانی کارگەی فێرکاری لەبارەی فیدراڵیزم" و ژمارەیەک تۆمەتی دیکە بەسەریدا سەپێندراوە.

ئیدریس مینبەری، پێشتر لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی بەهمەن ئومیدزادە، بەتۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بە ئەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەربوونی و دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان و هەروەها، ٤٠ قامچی نمرە ٦ سەپێندرا.

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی فەرهەنگی کولتووری کۆمەڵایەتی نۆژین لە سنە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ئەو ساڵە، دوای تێپەڕکردنی ٤٣ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنی ئازادکرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتر واتە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هاوکات لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی نۆژین دەستبەسەرکرابوو.

هەروەها سروە پوورمحەممەدی، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، دوای ڕۆیشتن بۆ دادگای ئەو شارە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی ئەندامە دەستبەسەرکراوەکانی نۆژین، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا.
 

ئەو چالاکە مەدەنییە لە ئاکامدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، دوای پرۆسەی لێپرسینەوە و تێگەیاندنی تۆمەتەکانی بەدانانی  بارمتە لە بەندی ناوەندی چاکسازی و پەروەردە و بەندیخانەی ناوەندیی سنە، ئازادکرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە