سەپاندنی سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن بەسەر سەکینە پەروانە، بەندکراوی کورد و خەڵکی قووچان

سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شاری قووچان کە شەش مانگ لەمەوبەر بۆ جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە، لەلایەن

١٠ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٩:٥٩


هەنگاو: دووشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شاری قووچان کە شەش مانگ لەمەوبەر بۆ جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەدکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەرەتای مانگی خەرمانانی ٢٧٢٣، سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شاری قووچان سەر بە پارێزگای خوراسان، لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەشهەدەوە سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

هەرچەند تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەوترێت تۆمەتی ئەوە دەراوەتە پاڵی کە سەردانی گۆڕی "عەلی موزەفەری"، گیانبەختکردوویەکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری قووچان کردووە.

ئێستا کە سەکینە پەروانە ٥ مانگ و ٢٦ ڕۆژ لە دەستبەسەربوونی نایاساییی خۆی تێپەڕ دەکات، لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەدەوە بە مەبەستی بەشداریکردن لە دانیشتنی دادگاییکردنی خۆی بۆ دادگا گواستراوەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشووە لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی دیاریکراو بێبەری و بێبەش کراوە و هەروەها لە ماوەی دەستبەسەربوونی ئەم جارەشیدا تەنیایەک جار پەیوەندییەکی کورتماوە و کۆنترۆڵکراوی بە بنەماڵەکەیدا کردووە، ئەوەش بەو مەرجەی ڕێگەیان پێ داوە ئەو پەیوەندییەش بە بنەماڵەکەیەوە بکات کە بە زمانی فارسی قسە بکات.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ١۵ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٤ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، پاش ئەوەی لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەشهەدەوە بانگ کراوە، دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە و لە ٢٥ی هەمان مانگ بۆ بەندی ٥ی بەندیخانەی مەشهەد گواستراوەتەوە.
ناوبراو ڕۆژی ١۶ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢، جارێکی دیکە لە شاری تاران و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و پاش چوار ڕۆژ ئازاد کراوە.

هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووتریدا لەسەر سەکینە پەروانە ڕایگەیاند: سوپای پاسداران، نزیک بە چوار ساڵ پێش دەستی بەسەر هەموو ناسنامە و بەڵگەکانی کەسێتیی سەکینە پەروانەدا گرتبوو، دوای ئەوەی کە کەوتە بەر لێبوردنی گشتی و ئازاد کرا، هەتا ئێستاش بەڵگەنامەکانی پێ نەدراوەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە سەرەتاییترین و سەرەکیترین کارەکانی ڕۆژانەی ژیانی ناوبراودا وەک؛ بەکرێگرتنی ماڵ، کارکردن، کڕینی هێڵی تەلەفۆنی مۆبایل و... تووشی کێشەی جددی بووەتەوە.

ئەم بەندکراوە کوردە لە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە لە سنووری ماکۆ ڕادەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کرا و دواتر ڕادەستی وەزارەتی ئیتلاعات کراوە و لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی ئێڤین لە تاران گواستراوە.

سەکینە پەروانە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧١٩، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران، بەبێ هەبوونی لانی کەمی مافەکانی تۆمەتبارێک لە پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی تاوانەکانی، سزای پێنج ساڵ بەندکران و بێبەریبوون لە ئەندامبوون لە گرووپ و دەستە سیاسییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵی بەسەردا سەپێندرا.

لە ماوەی بەندکرانیدا ناوبرا بۆ دەستبەسەرگەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە ماکۆ، تاران، بەندیخانەی ئێڤین، بەندیخانەی قەرچەک وەرامین و قووچان گواستراوەتەوە. بەهۆی دۆخی دژواری ئەم بەندکراوە سیاسییە لە بەندیخانەدا، چەندین جاری درێژماوە مانی لە خواردن گرتبوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە