کوژرانی واحید قادری، کاسبکاری خەڵکی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران

لاوێکی کاسبکاری خەڵکی شاری سەقز بە ناوی واحید قادری، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ڕێگەی سەقز - مەریوان کوژراوە. لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی س

٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٠٩:٤٢

 

هەنگاو: سێشەممە، ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

لاوێکی کاسبکاری خەڵکی شاری سەقز بە ناوی واحید قادری، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ڕێگەی سەقز - مەریوان کوژراوە. لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران سەری ئەم لاوە کوردە پێکراوە و بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، واحید قادری، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، پاش ئەوەی کە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕاوەدوو نراوە، لەسەر ڕێگەی سەقز بەرەو مەریوان و لە نزیک گوندی "حەسەن سالاران"، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کوژرا.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەی ئەو لاوە کوژراوە کە نابێت هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە و هەروەها ئاگادارییان بەو بنەماڵەیە داوە کە دەبێت هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی بەهۆی "لێخوڕین لە بارودۆخی نائاساییدا" ڕابگەیەنن.

شایەتحاڵانی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی واحید قادری لەم پەیوەندییەدا ڕایانگەیاندووە؛ سەر و ملی ناوبراو بەهۆی پێکران بە چەند گوللەیەکی شەڕ بەتەواوەتی داتڵیشاوە و لەسەر جەستەشی شوێنی چەند گوللەیەکی دیکەش دیار بووە.

ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دوای چەندین کاتژمێر هەڕەشە و ئاگاداریی توند لە بنەماڵەی قادری، تەرمی ئەو کاسبکارەی کاتژمێر ٤ی سەرلەئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە و هەمان ڕۆژ ئەسپەردە کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە