برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سنووری بانە؛ لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا ٣١ کۆڵبەر لەو سنوورە بوونەتە قوربانی

دوو لاوی کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز و مەریوان بە ناوەکانی یوونس قادری و نەریمان ساعدی، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنوورەکانی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی

٢٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٠:٥٣

 

هەنگاو: دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

دوو لاوی کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز و مەریوان بە ناوەکانی یوونس قادری و نەریمان ساعدی، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنوورەکانی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون. بەگوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکانی هەنگاو؛ لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا ٣١ کۆڵبەر لە سنوورەکانی شاری بانە کوژراون و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و بەم هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی یوونس قادری، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز قاچی پێکراوە و بەسەختی بریندار بووە.

ئەو کۆڵبەرە بریندارە بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی لە شاری بانە گواسترایەوە.

هەروەها ڕۆژی شەممە، ٢٠ی خەزەڵوەر، لە هەمان سنووری شاری بانە کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی گوندی "دویسە"ی سەر بە شاری مەریوان بە ناوی نەریمان ساعدی، لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران باسک و قۆڵ و کەمەری پێکراوە و بەسەختی بریندار بووە، دواتر بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە (واتە ماوەی ٥٠ ڕۆژ)، لانی کەم ٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و ٢٨ کۆڵبەریش بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە