بناو؛ دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی حوسێن پایە هاووڵاتیی خەڵکی شاری نەغەدە

بناو؛ دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی حوسێن پایە هاووڵاتیی خەڵکی شاری نەغەدە

22:13 - 6 November 2023

 

هەنگاو؛ دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی کوردی نیشتەجێی بناو بەناوی حوسێن پایە، لە ١٥ ڕۆژ پێشەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حوسێن پایە، هاووڵاتییەکی لاوی خەڵکی نەغەدە و نیشتەجێی بناو، ماوەی پازدە ڕۆژە کە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حوسێن پایە، هەتا ئێستا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بە بنەماڵەکەیەوەنەبووە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەسەر بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بناو بێ وەڵام ماوەتەوە و ئاکامێکی نەبووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ حوسێن پایە و دۆخی ڕاگرتنی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

حوسێن پایە، ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، لە لایەن ژمارەیەک لە هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری بناو دەستبەسەرکرابوو.