توندوتیژی خێزانی؛ کوژرانی ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە کەنگەڤەر

ژنێکی لاوی خەڵکی کەنگەڤەر بە ناوی مەرزیە شەشیەکانی، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە. بکوژەکە دەستبەسەرکراوە و هۆکا

٨ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٥:٠٠


هەنگاو؛ چوارشەممە ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

ژنێکی لاوی خەڵکی کەنگەڤەر بە ناوی مەرزیە شەشیەکانی، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە. بکوژەکە دەستبەسەرکراوە و هۆکاری کوشتنی هاوژینەکەی بە کێشەی خێزانی ناوبردووە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندی ڕەحماناوا سەر بە شاری کەنگەڤەری پارێزگای کرماشان، بە ناوی مەرزیە (سۆنیا) شەشیەکانی لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە.

هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە ئەو ژنە لاوە دایکی دوو منداڵ بووە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەبەر ئەوەیکە بەردەوام لەلایەن هاوژینەکەیەوە پەلامار دراوەو دراوەتە بەر لێدان و کوتان، چەند جار ڕۆیشتووەتە ماڵی دایک و باوکی و هەر چەن جارەکە بە ناوبژیوانی گەورەترەکانی بنەماڵە گەڕاوەتە بۆ لای هاوژینەکەی.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەرزیە بۆ دوایین جار دوو مانگ پێشتر، دوای ئەوەیکە بەسەختی لێیدرابوو گەڕابۆوە بۆ ماڵی دایک و باوکی و لە دادگا داوای وەرگرتنی مارەییەکەی کردبوو. بەڵام جارێکی دیکە بە ناوبژیوانی گەورەترەکان و بنەماڵەکەی هاتبووەوە بۆ لای هاوژین و منداڵەکانی و دوای چەند ڕۆژ لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

شایەنی باسە کە بکوژەکە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و هۆکاری کوشتنی هاوژینەکەی بە ناکۆکی بنەماڵەیی ناو بردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە