دوو منداڵی دیکە دەستبەسەر کران و منداڵە دەستبەسەرکراوەکانی شاری پیرانشار بوون بە پێنج کەس

بە دەستبەسەرکردنی دوو منداڵی دیکەی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی کۆمار نەبی، تەمەن ١٦ ساڵ و کارزان نەبی، تەمەن ١۵ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی

٣٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٦:٠١

 

هەنگاو: سێشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

بە دەستبەسەرکردنی دوو منداڵی دیکەی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی پێشەوا نەبی، تەمەن ١٦ ساڵ و کارزان نەبی، تەمەن ١۵ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، منداڵانی دەستبەسەرکراوی ئەو شارە بوون بە پێنج کەس. پێشتریش هەنگاو هەواڵی دەستبەسەرکردنی سێ منداڵی دیکەی بە ناوەکانی فەرزین نەبی، کۆمار نەبی و هێدی یووسفی‌ئەقدەمی بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، پێشەوا نەبی، تەمەن ١٦ ساڵ و کارزان نەبی، تەمەن ١۵ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، لە ماڵی خۆیان و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی دەستبەسەر کراون.

هەروەها هەمان ڕۆژ، منداڵێکی دیکە بە ناوی کۆمار نەبی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی ئەو شارە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە دەستبەسەر کرا.

پێشتریش واتە شەوی یەکشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، منداڵێکی دیکە بە ناوی فەرزین نەبی، تەمەن ١٤ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، لە شوێنی کارەکەی لە شەقامی "مەلا ڕەزا" ئەو شارە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراوە.

هاوکات منداڵێکی دیکە بە ناوی هێدی یووسفی‌ئەقدەم، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی ئەو شارە، لە ماڵەکەی خۆیان بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

دوای دەستبەسەرکردنی ئەو منداڵانە بۆ شوێنگەلێکی نادیار گواسترانەتەوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەسەر چارەنووس و بارودۆخی منداڵەکانیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.

شایانی باسە کە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم منداڵانە، لە بەردەستدا نییە.

بەپێی کنوانسیۆنی مافی منداڵان کە دەوڵەتی ئێرانیش واژۆی کردووە و تێیدا ئەندامە و بەگوێرەی ماددەی ٩ی یاسایی مەدەنی و لە حوکمی یاسا ناوخۆیییەکان، کە دەستبەسەرکردنی منداڵ پێش دادگاییکردن دەبێت لە دوایین ڕێگە و لە کاتی پێویست و بارودۆخی تایبەتدا جێبەجێ بکرێت. هەر لەم ڕاستایەدا یاسا ناوخۆیییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران یاسایییەکی لەم شێوەیان لە مادەی ٢٨٧ی یاسای ئایینیی دادگای تاواندا هەیە. کە بەم پێیە دەبێت منداڵ یان مێرمنداڵ بدرێتە دەست دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری یاسایی و دەستبەسەرکردنی لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بەپێی پێویست و بارودۆخی زۆر تایبەتدا دەبێت جێبەجێ بکرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە