دێولان؛ بانگکران و دەستبەسەرکرانی کورتماوەی سیرووس عەباسی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە

سیرووس عەباسی لە مامۆستایانی زمانی کوردی و چالاکانی مەدەنی، جارێکی دیکە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگکرا و بۆ ماوەی چەند کاتژم

٢٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٤:٠٨

 

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

سیرووس عەباسی لە مامۆستایانی زمانی کوردی و چالاکانی مەدەنی، جارێکی دیکە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگکرا و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێکرا. ئەو چالاکە مەدەنی و کولتوورییە پارەکە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەرکرابوو و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سیرووس عەباسی، چالاکوانی مەدەنیی ناسراو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە دێولان بانگکرا. ئەو چالاکە مەدەنییە دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەرکران و لێپرسینەوە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە، ئازادکراوە.

بانگکران و لێپرسینەوە لە سیرووس عەباسی لەحاڵێکدا بووە کە ناوبراو لە ئاخرین جاری دەستبەسەربوونیدا لە ئەنجامی ئەشکەنجەدرانی، بڕبڕەی پشتی شکابوو و لە بواری جەستەییەوە لە دۆخێکی خراپدا بوو.

سیرووس عەباسی، ڕۆژی شەممە ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٣، دوای بانگکران لەلایەن دادگای شۆڕشی دێولان، دەستبەسەرکرا و ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی ڕەزبەر، لەبەندیخانەی قوروە ئازادکرا.

پێشتر، مۆڵەتی چالاکی "دامەزراوەی ڕۆژنۆباری زانستی کوردستان" کە لەلایەن سیرووس عەباسی و هاوسەرەکەی، فەریدە وەیسی، لە ساڵی ٢٧١٧ دامەزرێندرابوو و لە بواری پەروەردە، کولتووری و بارهێنان و ڕاهێنان دەستی بە چالاکی کردبوو، لەلایەن پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامی هەڵوەشایەوە.

سیرووس عەباسی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ دەستبەسەرکرا و دوای ٣٢ ڕۆژ بەندکرانی تاکەکەسی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوە. ناوبراو دوای ئازدبوونی بە دانانی بارمتە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی دێولان بە تۆمەتگەلی وەکوو "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ١٠ مانگ بەندکران، "تێکدانی ئاسایشی گشتی" ١٨ مانگ بەندکران، و "پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٤٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە