دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی لە سەوڵاوا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

دوو هاووڵاتیی بەناوەکانی ناسیح مورادی و سەلاح ڕەحمانی، خەڵکی شاری سەوڵاوا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

٢٥ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١١:٣٩


هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

دوو هاووڵاتیی بەناوەکانی ناسیح مورادی و سەلاح ڕەحمانی، خەڵکی شاری سەوڵاوا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نزیک کاتژمێر ٦ی سێشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سەلاح ڕەحمانی، بەندکراوی سیاسی پێشوو و خەڵکی گوندی "چشمیەر" سەر بە سەوڵاوا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا.

سەلاح ڕەحمانی پێش ئەوەش بەهۆی چالاکییەکانییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و سزای بەندکرانی تێپەڕکردبوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاوکات و هەر لەو کاتژمێرەدا، هاووڵاتییەک بەناوی ناسیح مورادی، خەڵکی گوندی "گەرگەیی" سەر بە سەوڵاوا، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا.

دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە بە چوونەژوورەوەی بێ نیشاندانی بەڵگەی دادوەری هێزە ئەمنییەکان بۆ ماڵەکانیان ڕوویداوە و لەو ڕەوتەدا، مۆبایلی ناسیح مورادییان وەرگرتووە و ماڵەکەی پشکێنراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناسیح مورادی و سەلاح ڕەحمانی و دۆخی ڕاگرتنی ئەو دوو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە