دەستبەسەرکردن و ناڕوونی چارەنووسی پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد لە تاران

پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و توێژەری کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد، سێ مانگ و پێنج ڕۆژ لەمەوبەر دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە

١٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٥:٣٨

 

هەنگاو؛ ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و توێژەری کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد، سێ مانگ و پێنج ڕۆژ لەمەوبەر دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە لە بارودۆخێکی نادیاردا لە بەندیخانەی ئێڤین دەستبەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەخشان عەزیزی، دەرچووی بەشی توێژەری کۆمەڵایەتی بۆ ماوەی ٩٧ ڕۆژە لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانی ئێڤین، ناسراو بە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری تاران دەستبەسەر کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەخشان عەزیزی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا، لە مافی هەبوونی پارێزەر، چاوپێکەوتن و هەبوونی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بێبەش بووە.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامی خەڕازی شاری تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە، لەگەڵ دەستبەسەر بوونی ئەم بەندکراوە، چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی دەستبەسەر کراون کە دوای چەند ڕۆژ ئازاد کراون.

شایەنی باسە کە، پەخشان عەزیزی ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٠٥، لە خۆپیشاندانی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران دژی لە سێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و دواتر، لە ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەممەی هەمان ساڵدا، دوای ٤ مانگ دەستبەسەر بوون بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی هەڕەشە و گوشاری بەردەوامی هێزە ئەمنییەکانەوە زێدی خۆی بەجێ دەهێڵیت و دەست دەکات بە لێکۆڵینەوە لە سەر بارودۆخی ژنان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە