سەپاندنی سزای بەندکردن و دوورخستنەوەی لە زێدی خۆی بەسەر پارێزەر خەسرەو عەلیکوردی

خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەر و هاووڵاتییەکی کورد دانیشتووی شاری مەشهەد، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ساڵێک بەندکردن و دوو ساڵ دوو

٨ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١١:٣٧

 

هەنگاو: چوارشەممە، ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەر و هاووڵاتییەکی کورد دانیشتووی شاری مەشهەد، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ساڵێک بەندکردن و دوو ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی و هەروەها چەند سزایەکی دیکەی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەر و هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی شاری مەشهەد، لەم ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە، سزای یەک ساڵ بەندکردن، دوو ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی، دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵات، دوو ساڵ قەدەغەکردنی کارکردن لە پیشەکەی خۆی واتە پارێزەری و هەروەها قەدەغەکردنی چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەریدا سەپاوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ڕایگەیاندووە؛ بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی لە ڕاستای گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" ئەو سزایە بەسەردا سەپاوە و بۆ ماوەی دوو ساڵیش بۆ شاری نەهبەندان لە پارێزگای خوراسانی باشوور دوور خراوەتەوە.

ئەم پارێزەرە لە ١٠ گەلاوێژی ئەمساڵ پاش بانگکردن و سەردانی لقی ٩٠١ی داواکاری گشتی و شۆڕشی شاری مەشهەد، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی "وەکیل‌ئاباد"ی ئەو شارە کراوە، دواتریش لە ١٤ی هەر ئەو مانگەدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لەو بەندیخانەیە ئازاد کراوە.

خەسرەو عەلیکوردی پێشتر لە بەشێکی دۆسیەکەیدا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوەی درۆ"، لەلایەن لقی ٣ی دادگای تاوانەکان لە مەشهەد سزای پێبژاردنی بڕی ٢١ ملیۆن تمەنی ئێرانیی بەسەردا سەپابوو.

ئەم پارێزەرە کوردە لە ماوەی کارکردنی لە پیشەکەیدا ڕەوتی بەرگریکردن و پارێزەریی کۆمەڵێکی زۆر لە بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵەکانیانی لە ئەستۆ گرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە