بۆکان؛ حەسەن مەردانی سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

حەسەن مەردانی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە ئەمساڵ ماوەی نزیکەی دوو مانگ دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئی

٢٥ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٢:٠٣


هەنگاو؛ شەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

حەسەن مەردانی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە ئەمساڵ ماوەی نزیکەی دوو مانگ دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حەسەن مەردانی، تەمەن ٦٥ ساڵ و خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارە بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەواڵەدا، لەماوەی ڕۆژانی پێشوو لوقمان پێشیار، تەمەن ٥٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان کە لەگەڵ حەسەن مەردانی دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی"ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

شایەنی باسە کە ئەو دوو هاووڵاتییە لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بۆکان دەستبەسەرکراون و ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕەزبەری ئەو ساڵە، بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی، بەشێوەی کاتی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازادکران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە