دەستبەسەرکردنی ١١٨ هاووڵاتی لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣، لانی کەم ١١٨ هاوو

١٠ سەرماوەز ٢٧٢٣، ٢٢:٥٩


هەنگاو: هەینی، ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣، لانی کەم ١١٨ هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا دەستبەسەر کراون. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووتر (ئۆکتۆبەر) کە ٣٠٣ هاووڵاتی دەستبەسەر کرابوون، ١٨٥ حاڵەت کە دەکاتە ٦١٪ کەمی کردووە.

بەپێی ئەم ئامارە، لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣دا لانی کەم ٤٤ هاووڵاتیی کورد، ٧ هاووڵاتیی بەلووچ، هەروەها ٤٠ هاووڵاتیی ژن، ٥ هاووڵاتیی منداڵ و ١٨ هاووڵاتیی بەهایی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.


زیاتر لە ٤٣٪ی دەستبەسەرکراوان لە هەموو ئێراندا هاووڵاتیی کورد و بەلووچ بوون

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣دا لانی کەم ٤٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ٣٧٪ کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی ئەم مانگە لە سەرانسەری ئێراندا.

هەروەها لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، لانی کەم ٧ هاووڵاتیی بەلووچ،، ٩ هاووڵاتیی گیلەک ۵ هاووڵاتیی لوڕ و بەختیاری و ٥ هاووڵاتیی تورک دەستبەسەر کراون.


دەستبەسەرکردنی پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکان

دەستبەسەرکردنی پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکان لە مانگی نۆڤەمبەردا وەک مانگەکانی پێشووتر لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەردەوام بووە و لە ماوەی ئەو مانگەشدا لانی کەم ٢٦ چالاکی ئایینی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ١٨ کەس لەو چالاکە ئایینییانەی دەستبەسەر کراون، پەیڕەوی ئایینی بەهایی بوون کە ١٢ کەسیان ژن و ٦ کەسیشیان پیاو بوون. هەروەها لە ماوەی ئەو مانگەدا لانی کەم ٤ هاووڵاتیی کوردی یارسان و ٤ چالاکی سوننە مەزهەب لە شارەکانی کوردستان و بەلووچستان دەستبەسەر کراون.



دەستبەسەرکردنی ٤٠ ژن و ٥ منداڵ لە مانگی نۆڤەمبەردا

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٤٠ ژن لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە لە سەرانسەری ئەو وڵاتە دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ٣٤٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

شایانی باسە کە مانگی ڕابردوو، لانی کەم ١٢ ژنی چالاکی بەهایی، ٨ ژنی گیلەک و ٢ ژنی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها لەم ماوەیەدا لانی کەم ٥ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لە سەرانسەری ئێران لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرجەم ئەو منداڵانەی کە دەستبەسەرکراون کورد و خەڵکی شاری پیرانشار بوون.
 


بەندکرانی مامۆستایان، خوێندکاران، هونەرمەند، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی ڕاگەیاندن

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٢ خوێندکار لە شارەکانی تەورێز و مەشهەد و هەروەها ٩ مامۆستای قوتابخانە لە شارەکانی ئاودانان، فیرووزئاباد، شیراز، ئەهواز و مەشهەد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

شایانی باسە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٦ ڕۆژنامەنووس و چالاکی ڕاگەیاندن و هەروەها ٣ هونەرمەند و ئەکتەر لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.



ناسنامەی سەرجەم ئەو ١١٨ کەسە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە و بەکارهێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە ڕێگەپێدراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە