سەپاندنی سزای پێنج ساڵ و شەش مانگ بەندکردن بەسەردا سادق مەحمودنژاد، خۆپیشاندەرە برینداری خەڵکی پیرانشار

خۆپیشاندەرێکی برینداری خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی سادق مەحموودنژاد کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لەو شارە چاوی بریندار کراوە، لەلایەن دەزگای دادوەر

١١ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٢:٠٨

 

هەنگاو: شەممە، ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

خۆپیشاندەرێکی برینداری خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی سادق مەحموودنژاد کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لەو شارە چاوی بریندار کراوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ۵ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو پێشتریش لە دۆسیەیەکی دیکەدا سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا سادق مەحمودنژاد، خەڵکی پیرانشار کە خێزاندار و باوکی منداڵێکە، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی"، بەگشتی سزای ۵ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

پێشتریش ناوبراو لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان لەو پیرانشار، بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان"، سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە کە ئەم سزایە دواتر گۆڕدرا بۆ پێ بژاردنی بڕی ٨ میلیۆن تمەنی ئێرانی.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ڕایگەیاندووە؛ سادق مەحموودنژاد، سەرەڕای ئەوەی کە بە چەند قۆناغێک لە نەخۆشخانەکانی "خومەینی"ی ئورمیە، "فارابی"ی تاران و "ئیمام سەجاد"ی ڕامسەر نەشتەرگەریی چاوی بۆ کراوە، بەڵام ٢٠٪ بیناییی چاوی چەپی لەدەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لە ماڵەکەی خۆی و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا، ڕۆژی ٥ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی ٤ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

شایانی باسە کە سدیق مەحموودنژاد، شەوی ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی پیرانشار لە گۆڕەپانی "مامۆستای هەژار"ی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت چاوی چەپی بریندار بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە