سەپاندنی سزای چوار ساڵ بەندکردن و پانزە مانگ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی بەسەر ئەیووب جەوانپوور

ئەیووب جەوانپوور، بریندارێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی کە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی لە دەستبەسەرگەدا بووە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە کۆی

٢٤ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٩:٢٨

 

هەنگاو: هەینی ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

ئەیووب جەوانپوور، بریندارێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی کە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی لە دەستبەسەرگەدا بووە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە کۆی گشتی سزای چوار ساڵ بەندکردن و پانزە مانگ دوورخستەوە لە زێدی خۆی بەسەریدا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد مستەفایی"، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی"، سزای یەک ساڵ بەندکردن و ١٥ مانگ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی بۆ شاری باوی لە پارێزگای خووزستان بەسەریدا سەپاوە.

هەروەها سزا ١٧ ساڵ سزای بەندکردنی ئەیووب جەوانپوور کە پێشتر لە دۆسیەیەکی دیکە و لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقز بەسەریدا سەپاوە، بە داخوازیی پێداچوونەوە لەلایەن ناوبراو بۆ ٣ ساڵ بەندکردن کەم کراوەتەوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتیی "کەیوان جیهانی" و بە تۆمەتگەلێک وەک "ڕێکخستن و ڕێبەریی گرووپی زیاتر لە دوو کەسی بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، "سووکایەتیکردن بە خومەینی"، سووکایەتیکردن بە خامنەیی" و "پڕوپاگەندا بە دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و داگرتنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی" دادگایی کرابوو، سزای ١٧ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

هەنگاو پێشتر وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٥ی جولایی ٢٠٢٣)، ئەیووب جەوانپوور، پاش مانگێک و چوار ڕۆژ ڕاگیران لە دەستەبسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دواجار بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز گواستراوەتەوە، بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی خۆی ڕایگەیاند؛ ئەو هاووڵاتییە لە کاتێکدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواستراوەتەوە کە باری جەستەیی و دەروونیی بەتەواوەتی ناجێگیر بووە و ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە لەسەری جەستەی دیار بووە.

ئەیووب جەوانپوور ڕۆژی شەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٣) لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سەقز و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە.

شایانی باسە ئەو هاووڵاتییە یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردووی شاری سەقزە و بەهۆی چالاکییەکانی لە ساڵی ٢٧١٨، جارێکی تر سزای دادوەری بەسەریدا سەپاوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە