فەریدە وەیسی بەهۆی دۆسیەیەکی تازەوە بۆ دادگای دێولان بانگکرا

فەریدە وەیسی چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان و ئەندامی لیژنەی دامەزراوەی پەروەردەی "ڕۆژنۆباری زانست" بەهۆی ئەو تۆمەتانەی کە لە دۆسیەیەکی تازەدا دراونەتە

٢٤ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٥:٣٥


هەنگاو؛ هەینی ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

فەریدە وەیسی چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان و ئەندامی لیژنەی دامەزراوەی پەروەردەی "ڕۆژنۆباری زانست" بەهۆی ئەو تۆمەتانەی کە لە دۆسیەیەکی تازەدا دراونەتە پاڵی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بانگکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (١٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، فەریدە وەیسی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان، دوای بانگکران بە} تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران" لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارەدا حازر بوو.

فەریدە وەیسی سەبارەت بەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی لە لاپەڕە ئینستاگرامی خۆیدا نووسیویەتی: "دادوەر حەیدەری نووسراوە و ڤیدیۆکانی منی کە پێشتر لەسەر باسی ژنوشیاری بڵاو کرابووەوە؛ وەکوو تۆمەتێکی نوێ هەژمار کردووە"

ئەو چالاکە مەدەنییە لەگەڵ جەختکردن لەسەر ئەوەیکە لە داکۆکییەکانی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ناوەڕۆکی ژنوشیاری، ئاکامی لێکۆڵینەوەی زانستی و دەسکەوتی تێکۆشانی ١٧ ساڵەی لە کاتی دەرس خوێندنی لە زانکۆدایە، ڕایگەیاندووە کە بەشێک لەو لێکۆڵینەوە لەبارەی ساڵەکانی ٢٧٠٨ و ٢٧٠٩ و لەسەر بارودۆخی تایبەتیی ژنانی کوردستانە.

بەپێی ئەوەی فەریدە وەیسی لە لاپەڕەکەی خۆیدا باسی کردووە، دانیشتنی داهاتووی لێپرسینەوە لەسەر تۆمەتەکانی ناوبراو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەڕێوە دەچێت.

فەریدە وەیسی، پێشتر واتە ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧١٩، لەگەڵ هاوژینەکەی، سیرووس عەباسی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شوێنی کارەکەیدا دەستبەسەرکرا کە دوای دوو مانگ دەستبەسەرکران بە بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاکەیان ئازادکران.

ئەو دوو ئەندامەی لیژنەی دامەزراوەی پەروەردەی ڕۆژنۆباری زانستی کوردستان، لە ئاکامدا لە بەفرانباری ٢٧٢٠، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە، هەریەک سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراویان بەسەردا سەپێندرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە