موژگان کاووسی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانە گواستراوە

موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کوردی خەڵکی کەلاردەشت سەر بە پارێزگای مازندەران، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٣٩ مانگ بەندکران دە

٢٨ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٦:٥٠

 

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کوردی خەڵکی کەلاردەشت سەر بە پارێزگای مازندەران، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٣٩ مانگ بەندکران دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی تونەکابۆن گواستراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، موژگان کاووسی، لێکۆڵەری کوردی خەڵکی کەلاردەشت کە یکێک لە پێڕەوانی ئایینی یارسانە، دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی تاوانەکانی ئەو شارە، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٣٩ مانگ بەندکرانەکەی، دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی تونەکابۆن گواستراوە.

موژگان کاووسی، پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ساری بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی ئێران" سزای ٣٩ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی "تەوهین کردن بە خامنەیی" ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ و بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە ٣٩ مانگ بەندکران بە هەژمانکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەربوونی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە جێبەجێ دەکریت.

ئەو چالاکە کوردە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٢، دوای تێپەڕکردنی ١٠٤ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی سێ ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی قائمشار ئازادکرا.

موژگان کاووسی، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانانی ساڵی پێشوو، لە ماڵەکەی خۆیدا لە کەلاردەشت دەستبەسەرکرا و دوای گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکان، بۆ بەندیخانەی تونەکابۆن گواسترابۆوە.

ئەو لێکۆلەرە ساڵی پێشوو و لە کاتی دەستبەسەربوونیدا، بە "افساد فی الارض" تۆمەتبارکرا و لە ئاکامدا لەو تۆمەتە بێبەریکرا، ناوبراو پێشتر و لە خەزەڵوەری ٢٧١٩بەهۆی چالاکییەکانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و دواتر دوای تێپەڕاندنی سزاکەی لە بەندیخانەی کەجوویی کەرەج ئازادکرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە