مەریوان؛ درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی عادڵ پیرۆزی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات

بڕیاری دەستبەسەرکرانی عادڵ پیرۆزی، بەندکراوی سیاسی پێشوو و خەڵکی مەریوان، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە. نا

٣٠ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٣:٢٩

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

بڕیاری دەستبەسەرکرانی عادڵ پیرۆزی، بەندکراوی سیاسی پێشوو و خەڵکی مەریوان، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە. ناوبراو مانگی پێشووی لە دەستبەسەربووندا تێپەڕ کردووە و لەم دوایییانەدا بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە سنە گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڕیاری دەستبەسەرکرانی عادڵ پیرۆزی، لاوی تەمەن ٢٨ ساڵی خەڵکی گوندی سەردۆش سەر بە شاری مەریوان، بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژکراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەگەڵ درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی عادڵ پیرۆزی، ئەو بەندکراوە سیاسییەی پێشوو، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە مەریوان بۆ دەستبەسەرگەیەکی دیکەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە سنە گواستراوەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئاماژەی بە بارودۆخی دەروونی و جەستەیی دایک و باوکی بە تەمەنی عادڵ کردووە کە جێی نیگەرانییە و ڕایگەیاندووە کە: "باوکی خاوەن پێداویستی تایبەتە و دایکیشی توانایی جووڵانەوەی پێشووی خۆی لە دەستداوە."

شایەنی باسە کە، عادڵ پیرۆزی، لەماوەی پێشوودا بێجگە لە بێبەشبوونی لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی گرتن، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەریکراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان دەستبەسەرکرابوو.

عادڵ پیرۆزی، پاییزی ساڵی ٢٧١٨ش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و دواتر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەریوان سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو هاووڵاتییە، پاییزی ٢٧١٩ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەرکرا و دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ لە دوو ساڵ سزای بەندکرانەکەی، ڕۆژی ٦ی خاکەلێوەی ساڵی ٢٧٢٠ بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان ئازادکرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە