مەهاباد؛ ئەشکان فەهیم و محەممەد تەدینی سەرجەم سزای ٩٠ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە

دوو لاوی کورد بە ناوی ئەشکان فەهیم، خەڵکی شاری مەهاباد و محەممەد تەدینی، خەڵکی شاری مەریوان کە لە کۆتاییی هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر

٢٥ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٤:٣١

 

هەنگاو: شەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

دوو لاوی کورد بە ناوی ئەشکان فەهیم، خەڵکی شاری مەهاباد و محەممەد تەدینی، خەڵکی شاری مەریوان کە لە کۆتاییی هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر کراون، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە هەرکامیان سزای ٤٥ مانگ بەندکردن، واتە سەرجەم ٩٠ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئەشکان فەهیم، لاوێکی خەڵکی شاری مەهاباد و محەممەد تەدینی، خەڵکی شاری مەریوان، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی" و بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و دەستە"، سەرجەم سزای ٩٠ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

هەروەها ئەو دوو لاوە کە ٣ مانگی ڕابردوویان لە دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکان تێپەڕاندووە، هەرکام سزای دوو ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆیان بەسەریاندا سەپاوە. سەرەڕای تێکچوونی باری تەندروستیی ئەشکان فەهیم و پێویستی بەپەلەی چارەسەرکردن، دادوەری دۆسیەکەیان ڕەتی کردووەتەوە کە بە بارمتە و بە شێوەی کاتی بۆ چارەسەریی تەندروستیی خۆی، ئازاد بکرێت.

شایانی باسە کە ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کە لە بارەگای سەربازیی "ئەلمەهدی"ی سوپای پاسداران لە ئورمیەیە، بە شێویەکی دڕندانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراون.

ئەشکان فەهیم و محەممەد تەدینی لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ڕەزا ئەندێشە و ڕۆژگار ڕەحیمیان، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە ماڵێک لە گەڕەکی "مەیدانی ئیستقلال"ی شاری مەهاباد، بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون. ڕەزا ئەندێشە، ٢٣ی ڕەزبەر و داتر ئەشکان فەهیم، ڕزگات ڕەحیمیان و محەممەد تەدینی بۆ بەندیخانەی مەهاباد گواسترانەوە. پاشانیش ڕەزا و ڕزگار بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران و تاکوو ئێستاش ئەشکان و محەممەد لە بەندیخانەی مەهاباد ڕاگیراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە