پێڕاگەیاندنی تۆمەتە وەپاڵخراوەکانی بەیان فەرەجوڵڵاهی و بانگکردنی ناوبراو بۆ دادگا

بەیان فەرەجوڵڵاهی، چالاکێکی خەڵکی شاری سنە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی پێی ڕاگەیەندرا و بە مەبەستی دادگاییکردن لە

٤ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١١:٣٠

 

هەنگاو؛ دووشەممە ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٣

بەیان فەرەجوڵڵاهی، چالاکێکی خەڵکی شاری سنە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی پێی ڕاگەیەندرا و بە مەبەستی دادگاییکردن لەسەر ئەو تۆمەتانە لەلایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە بانگ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەیان فەرەجوڵڵاهی، تەمەن ٣٤ ساڵ و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی، لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بانگ کراوە. ناوبراو پێشتریش سێ جار بانگ کراوە.

بەگوێرەی ئەو ئاگادارینامەیەی بۆ بەیان نێرادراوە و کۆپییەکی بە هەنگاو گەیشتووە، بەیان فەرەجوڵڵاهی دەبێت کاتژمێر ١٠: ٣٠ی ڕۆژی ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣ لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە ئامادە بێت. ئەم ژنە چالاکە مەدەنییە تۆمەتی "دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی" و "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" دراوەتە پاڵی.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەی بێبەری و بێبەش کراوە و هەروەها باری تەندروستیی جەستەیی و دەروونیشی ناجێگیر و نالەبار بووە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە، ٤ی خەرمانانی ئەمساڵ پاش ٤١ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی دوو ملیار تمەن و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

بەیان فەرەجوڵڵاهی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٦ی جولایی ٢٠٢٣) لە ماڵی خۆیان و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە دەستبەسەر کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە