کوژرانی لاوێکی خەڵکی شاری سنە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران

هاووڵاتییەکی لاوی خەڵکی شاری سنە بە ناوی کاوە گەوێڵی و تەمەن ٣٧ ساڵ، لە شەقامێکی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.

٦ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٦:٢٥

 

هەنگاو: چوارشەممە، ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی لاوی خەڵکی شاری سنە بە ناوی کاوە گەوێڵی و تەمەن ٣٧ ساڵ، لە شەقامێکی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، کاوە گەوێڵی، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "کێڵانە"ی سەر بە شاری سنە، لە شەقامی ٢٥ی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران جێگیر لە کەڵانتەری ١٥ی ئەو شارە، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دوای ئەوەی شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوانی خەڵکی گەڕەکی ٢٥ی شاری سنە ڕووی داوە و ئەو هێزانە بە مەبەستی ناوبژیوانی خۆیان گەیاندووەتە شوێنی تێکهەڵچوونەکە، سپرای بیبەریان بە دەموچاوی کاوە پاشیوە و هاوکات تەقەشیان لێ کردووە، دواتریش گوللەشیان بە لای چەپی سینگی ئەو لاوە کوردەوە ناوە و پاش ئەوەی کە بەسەختی بریندار بووە، بەسەر زەویدا ڕایانکێشاوە و بردوویانە بۆ بنکەی کەڵانتەری ١٥ی ئەو هێزانە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، کاوە گەوێڵی دوای کاتژمێرێک لە بنکەی کەڵانتەری هێزە ئەمنییەکان گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە و لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست داوە. سەرچاوەکی نزیک لە بنەماڵەی گەوێڵی لەم بارەیەوە ڕایانگەیاندووە؛ هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەناو بنکەی کەڵانتەری ١٥ دیسان بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان داوە.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد کە پاش ئەو تاوانە، ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەشی کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون نابێت هیچ جۆرە زانیارییەک لەم بارەیەوە بڵاو بکرێتەوە و لەم پەیوەندییەشدا بەڵێننامەیان پێ پڕ کراوەتەوە.

شایانی باسە کە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی کاوە گەوێڵی بە ئامادەبوون و چاودێریی کۆمەڵێکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لە گوندی "کێڵانە"ی سەر بە شاری سنە بەڕێوە چووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە