بۆکان؛ سێ دەستبەسەرکراوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە "افساد فی‌الارض" تۆمەتبار کراون

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی کامران سوڵتانی، محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ مەعرووفی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا د

١٨ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٢:٣٤

 

هەنگاو: دووشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی کامران سوڵتانی، محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ مەعرووفی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراون، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە "افساد فی‌الارض" تۆمەتبار کران و مەترسیی ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بەسەریاندا لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی، تەمەن ٢١ ساڵ و ڕەئووف شێخ مەعرووفی، تەمەن ٢٢ ساڵ، سەرەڕای ئەوەی کە تۆمەتی "افساد فی‌الارض" دراوەتە پاڵیان، مەترسیی ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بەسەریاندا لە ئارادایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ هاووڵاتییە لە ماوەی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەکانیاندا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراون.

ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەوڵی ئەوەدان تاکوو ماوەی دەستبەسەرکردن و گوشارخستنە سەر ئەو سێ هاووڵاتییە درێژتر بکەنەوە و سزای قورس بەسەریاندا بسەپێنن، هەروەها هەوڵ دەدەن ئەو سێ کەسە بەوە تۆمەتبار بکەن کە دەستیان لە کوشتنی ئەندامێکی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردوودا هەبووە و بەم بیانووەشەوە سزای دادوەریی قورس بەسەریاندا بسەپێنن.

ڕەئووف شێخ مەعرووفی، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٢٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) و محەممەد فەرەجی، ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٢١ی فێبریوەری ٢٠٢٣) و هەروەها کامران سوڵتانی، ٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٢٧ی فێبریوەری ٢٠٢٣) بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە بۆکان دەستبەسەر و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کراون.

ڕۆژی هەینی، ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٠ی جوونی ٢٠٢٣)، پاش چەند مانگ لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدان، ئەو سێ هاووڵاتییە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواستراونەتەوە و هەنووکەش لەم بەندیخانەیە ڕاگیراون و هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە.

شایانی باسە کە محەممەد فەرەجی، پێشتر واتە ڕۆژی شەممە، ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکوومەت لە بۆکان ڕفێندراوە و و لە ٢ی ڕەشەممە، واتە حەفتەیەک دوای ئازادیی کاتی ناوبراو، دیسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە.

هەنگاو پێشتریش لەم پەیوەندییە و لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا نووسیویەتی: هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە ئورمیە، لە سیناریۆسازییەکدا وەکوو کڕیارانی مەدەنی تەلەفۆنیان بۆ محەممەد فەرەجی کردووە و داوایان لێ کردووە ناوبراو وەک وەستای چاککەرەوەی ئۆتۆمبێل ناونیشانێکیان پێ داوە کە بچێت ئۆتۆمبێلێکیان هەیە چاکی بکاتەوە، ئەو هاووڵاتییە چووەتە ئەو شوێنە دیاریکراوە و هەر گەیشتووەتە شوێنەکە، دەستبەجێ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە