تاران؛ جێبەجێکرانی سزای نامرۆڤانەی ٧٤ زەربەی قامچی ڕۆیا حیشمەتی چالاکی کورد لە بواری مافەکانی ژنان

تاران؛ جێبەجێکرانی سزای نامرۆڤانەی ٧٤ زەربەی قامچی ڕۆیا حیشمەتی چالاکی کورد لە بواری مافەکانی ژنان

12:21 - 6 January 2024


هەنگاو؛ شەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣

سزای نامرۆڤانەی ٧٤ زەربەی قامچی ڕۆیا حیشمەتی، هاووڵاتی کوردی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران لە خانەی دادی ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێکرا. فەرمانبەرەکان بەهۆی لابردنی لەچکە، پێش لێدانی قامچیش بە توندوتیژییەوە لەگەڵ ڕۆیا حیشمەتی هەڵسوکەوتیان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٣ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، سزای لێدانی ٧٤ زەربەی قامچی ڕۆیا حیشمەتی دوای بانگکران بۆ لقی یەکی خانەی دادی ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێکرا. ناوبراو بەهاری ئەمساڵ لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی بێ  حیجابی زۆرەملێ لە جووتسایدی کشاوەرزی تاران، سزای ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو، لێدانی ٧٤ زەربەی قامچی  و سێ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لەوڵاتی بەسەردا سەپێندرابوو.

ڕۆیا حیشمەتی لەوبارەوە نووسیویەتی کە: فەرمانبەری لقی جێبەجێکرانی سزاکان بەهۆی دەرهێنانی لەچکە، هەڕەشەی لە ناوبراو کردووە کە توندتر قامچی لێبدات و دۆسیەیەکی نوێی بۆ بکاتەوە. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیدا شوێنی جێبەجێکرانی سزاکەی بە "دیوێکی ئەشکەنجەدانی سەدەی ناوین" شێوەکردووە.

ئەو هاووڵاتییە کە دژی حیجابی زۆرەملێیە بە ئاماژەدان بەوەیکە فەرمانبەرانی ژن بە زۆر لەچکەیان لەسەر کردووە، نووسیویەتی کە قامچییەکان لە شان، پشت، سمت، ڕان و لاقی دراون.

ڕۆیا حیشمەتی گێڕانەوەکەی خۆی بەو شێوە درێژە داوە کە: " قامچییەکانم نەدەبژارد، لەژێر لێو دەمخوێند، بەناوی ژن بەناوی ئازادی، جلی کۆیلەیەتی دڕا، شەوی تاری ئێمە بەسەر دێت، هەموو قامچییەکان دەبن بە تەور."

بابەتی "ئازادی لە هەڵبژاردنی شێوەی جل لەبەرکردن" لە ڕاگەیاندراوەی جیهانی مافی مرۆڤ و کۆنوانسیۆنی لەناوبردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێک دژ بە ژنان، پێداگری لەسەر کراوە.

کەڵکوەرگرتن لە سزای قامچی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی بەڵگە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ سزای قامچی سزایەکی نامرۆڤانە، زاڵمانە و دژ بە کەرامەتی مرۆڤە و ماددەی ٧ی پەیمانی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی سیاسیش جێبەکردنی ئەو سزایەی قەدەغە کردووە.

 


نووسراوەکەی ڕۆیا حیشمەتی، کە لە لاپەڕەی فەیسبووکەکەی خۆیدا بە هاشتاگی «ژن ژیان ئازادی’’ بڵاوی کردووەتەوە، لەلایەن هەنگاو وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بەشێوەی خوارەوەیە؛

لە گەیتی چوونەژوورەوە کە تێپەڕبووین حیجابەکەم لابرد. چووینە ناو هۆڵەکە. دەنگی هاوار و گریان لە قادرمەکانەوە دەهات کە خەریک بوون کەسێکیان دەبردە خوارەوە. ڕەنگە خەریکبوون دەیانبرد بۆ جێبەجێکردنی سزای...


پاەێزەرەکەم وتی ڕۆیا گیان دیسان لەوبارەیەوە بیر بکەرەوە. جێگای زەربەی قامچییەکانیان تا ماوەیەکی درێژ لەگەڵت دەمێنێتەوە.


ڕۆیشتین بۆ لقی یەکی جێبەجێکرانی سزاکان. فەرمانبەری ئەو لقە وتی لەچکەکەت لەسەر بکە تا کێشەت بۆ ساز نەبێت. بە ئارامی و لەگەڵ ڕێزەوە پێم کوت هاتووم تا بەهۆی ئەو بابەتەوە قامچیم لێدەن، لەسەری ناکەم.


پەیوەندییان گرت و فەرمانبەری جێبەجێکردنی سزاکە هاتە سەر. وتی لەچکەکەت لەسەر بکە و بە دوای مندا وەرە. وتم لەسەری ناکەم. وتی لەسەری ناکەی؟! بەشێوەیەک قامچیت لێدەدەم کە بزانی لە کوێی. دۆسیەیەکی تازەت بۆ دەکەمەوە تا بۆ ٧٤ قامچی دیکەش میوانی ئێمە بیت. دیسان لەسەرم نەکرد.


ڕۆیشتینە خوارەوە چەند کوڕیان بەهۆی خواردنەوەی شەراب هێنابوو. دیسان پیاوێک بە توندی وتی مەگەر ناڵێم لەسەری کە؟! لەسەرم نەکرد. دوو ژنی چارشێوی هاتن و لەچکەکەیان کێشا بەسەرمدا. دیسان دەرمهێنا و ئەو کارە بۆ چەند جار دووپات بووەوە. لە پشتەوە کەلەپچەیان لێمدا و دیسان لەچکەکەیان دا بە سەرمدا. هەر لەو پلیکانانەی کە ژنەکەیان بردبوو، ڕۆیشتینە قاتی ژێر. لە ژێر پارکینگە دیوێک بوو. دادوەر و فەرمانبەری جێبەکردنی سزاکە و ژنێکی چارشێوی لە تەنیشتم ڕاوەستابوون. ژنەکە زۆر ئاشکرا ناڕەحەت بوو. چەند جارێک ئاخی هەڵکێشا و کوتی دەزانم. دەزانم.


دادوەری مێزەر لەسەر بە ڕووی من پێکەنی. وەبیر پیاوە چەک و پوشییەکەی کتێبی کوندە پەپووی کوێر هاتمەوە. ڕووم کردە ئەوبەر.


درگا ئاسنییەکەیان کردەوە. دیوارەکانی دیوەکە لە چیمەنتۆ بوون. تەختێک لە ژوور دیوەکە بوو کە کەلەمچە و پێبەندی ئەلیکترۆنی بە هەر دوو لایەوە جۆش درابوو. کەرەستەیەکی ئاسنی وەکوو پایەی بوومی نەقاشییەکی گەورە لەگەڵ جێگای دەستبەند و پێبەندە ئاسنییە ژەنگهێناوەکە لە ناوەڕاستی دیوەکە، و کورسی و مێزێکی بچووک، کە سەری پڕ بوو لە قامچی هەروەها لە پشت درگاکەش. دیوێکی ئەشکەنجەدانی سەدەی ناوینی ڕاستەقینە بوو.


دادوەرەکە لێی پرسیم خاتوون حاڵت باشە؟ کێشەیەکت نییە؟ وەکوو ئەوەی بوونی نەبێت. وەڵامم نەداوە. وتی خاتوون لەگەڵ ئێوەمە! دیسان وەڵامم نەداوە. پیاوی فەرمانبەری جێبەجێکردنی سزاکان کوتی باڵتەکەت دەربێنە و لەسەر تەختەکە پاڵکەوە. باڵتە و لەچکەکەم لەسەر پایەی بوومی ئەشکەنجەکە هەڵواسی. وتی لەچکەکەت لەسەر بکەوە! وتم نایکەم. قورئانەکەت لە ژێر دەستت دانە و قامچییەکەت لێدە. و لەسەر تەختەکە ڕاکشام. ژنەکە هات و کوتی تکات لێدەکەم لاسار مەبە. لەچکەکەی هێنا و کردیە سەرم.


پیاوەکە لە نێوان ئەو کۆمەڵە قامچییەی کە لە پشت درگاکە بوون قامچییەکی پێستی ڕەشی هەڵگرت. دوو دەور لە دەوری دەستی ئاڵاند و هات بەرەو لای تەختەکە. دادوەر کوتی زۆر بەتووندی لێی مەدە. پیاوەکە دەستی پێکرد بە لێدان. شانەکانم. پشتم. سمتم. ڕانم. لاقم. و دیسان سەر لە نوێ… ژمارەی قامچییەکانم نەبژارد.


لەژێر لێوم دەمخوێند بەناوی ژن، بە ناوی ئازادی جلی کۆیلەیی دڕا، بەیانی ئەم شەوە تارەی ئێمە دێت، تەواوی قامچییەکان دەبن بە تەور...


تەواو بوو. هاتینە دەرەوە. تەنانەت نەمهێشت وا بیر بکەنەوە کە ئێشم پێ گەیشتووە. ئەوان سووکتر لەو قسانەن. ڕۆیشتینە سەرێ بۆ لای دادوەری جێبەجێکرانی سزاکان. فەرمانبەرە ژنەکە لە پشت سەرمەوە دەهات و ئاگای لێبوو لەچکەکەم لەسەرم دانەکەوێت. لەبەر دەرگای لقەکە لەچکەکەم داخست. ژنەکە کوتی تکا دەکەم لەسەری بکەوە. لەسەرم نەکرد و دیسان لەسەرمی کردەوە. لەنێو دیوی دادوەر، دادوەر کوتی ئێمە خۆمان لەو بابەتە خۆشحاڵ نین، بەڵام ئەوە یاسایە و دەبێت جێبەجێ بکرێت. وەڵامم نەداوە. کوتی ئەگەر دەتانهەوێت بەشێوەیەکی دیکە ژیان بەسەر ببەن دەتوانن بچنە دەرەوە لە ئێران. کوتم ئەم وڵاتە بۆ هەمووانە. کوتی بەڵێ بەڵام دەبێت یاساکان لە بەرچاو بگیرێت. وتم یاسا کاری خۆی بکات، ئێمەش درێژە بە بەرخۆدانی خۆمان دەدەین.


لە دیوەکە هاتینە دەرەوە و لەچکەکەم دەرهێنا. زۆر سپاس ئاغای تاتایی بەڕێز. ئەگەر ئێوە نەبوایەن تێپەڕکردنی ئەم ڕۆژانە زۆر سەخت دەبوو. و بمبورن کە بریگرتوویەکی گوێڕاگر نەبووم. بێگومان کەسێک بە گەورەیی ئێوە لێم تێدەگات. بەهۆی هەموو شتێکەوە سوپاستان دەکەم.